"هەمیشە بەرگریم لە ئازادی و مافی مرۆڤ کردووە"
حاکم رزگار و پلاسخارت خەڵاتی ماندێلایان وەرگرت
964+
رێباز خدر – هەولێر
تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان، لە مەراسیمێکدا خەڵاتێکی بەناوی خەڵاتی ماندێلای بەخشییە هەر یەکە لە جینین پلاسخارت نوێنەری پێشووتری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و دادوەری دیاری کوردستان و عێراق، حاکم رزگار محەمەدئەمین.
شوان محەمەد، سەرۆکی تۆڕی دادپەروەری بە 964ـی وت، “ئەم خەڵاتە لەسەر ئاستی کەس و رێکخراو و دەزگا دەبخشرێت، کە سی ڤی و بەڵگەکانی ئەو لایانانە وەردەگیرێت و دواتر دەنێردرێت بۆ لێژنەیەکی نێودەوڵەتی کە لە وڵاتانی وەکو، لوبنان و میسڕ و ئوردن، مەغریبن، ئەم لیژنە کاری هەڵسانگاندنی بۆ بەڵگەکان دەکات و نمرەیان بۆ دادەنێت، دواتر نمرەکان کۆدەکرێتەوە و کەسی شایستە هەڵدەبژێردرێت”.
دادوەری خانەنشین، رزگار محەمەدئەمین، بە 964ـی وت، “هەڵبژاردنی من وەکو براوەی خەڵاتی ماندێلا جێگای شانازییە بۆ من، چونکە لە ماوەی رابردوودا هەمیشە بەرگریم لە ئازادی و مافی مرۆڤ کردوە و بەتایبەت بەندییەکان کە پێویستە بە باشترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و مافەکانیان بۆ دابین بکرێت”.
هاوکات جینین پلاسخارت نوێنەری پێشووتری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “ئەم خەڵاتە تەنیا هی من نییە بەڵکو هی ئەو تیمەیە کە لە ماوەی شەش ساڵی رابردوو لە عێراق و کوردستان کۆمەڵێک کار و چالاکیمان کردووە کە پێشتر هەرگیز نەکراوە”.
وتیشی، “شانازی دەکەم بەو خەڵاتە و پێشەکەشی دەکەم بەو کەسانە کە لە ماوەی رابردوو بەیەکەوە کارمان کردووە”.
خەڵاتی ماندێلا، خەڵاتێکە کە ساڵانە لەلایەن تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان دەبخشرێت و لەسەر ئاستی تاکە کەسی و رێکخراو و دەزگاکانەوە دەبێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری