راپەڕین
تۆمەتبارێک دەستگیرکرا؛ بە ژیرى دەستکرد ڤیدیۆی نەشیاوی بۆ کچێکی دەزگیراندار دروستکرد
964+
وریا فەتاح
هێزەکانی پۆلیس گەنجێکیان دەستگیرکرد کە لە رێگەی بەرنامەکانی ژیریی دەستکردەوە (AI)، وێنەی ئاسایی کچێکی دەزگیرانداری کردبووە ڤیدیۆی نەشیاو و بۆ مەبەستی وەرگرتنی پارە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی لێکردبوو.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین بڵاویکردەوە، رۆژی 10/8/2026 کچێکی دەزگیراندار سکاڵای تۆمارکرد کە کەسێکی نادیار وێنەی ئاسایی ئەوی دەستکەوتووە و لە رێگەی بەرنامە زیرەکەکانەوە ڤیدیۆی ساختە و نەشیاوی لێ دروستکردووە. تۆمەتبارەکە ڤیدیۆکانی ناردووە بۆ چەناڵێکی تێلیگرام و هەڕەشەی کردووە ئەگەر پارەی پێنەدات بڵاویان دەکاتەوە، دواتریش بۆ زیاترکردنی فشارەکان، ڤیدیۆیەکی لە چەناڵەکەدا بڵاوکردووەتەوە.
دوای بەدواداچوونی ورد لەلایەن نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی رانیە، توانرا ناسنامە و شوێنی تۆمەتبارەکە ئاشکرا بکرێت.
پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژی 22/9/2026 بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی پیرەمەگروون، تۆمەتبارەکە کە گەنجێکی تەمەن 24 ساڵە بە ناوی (ف. س. ئ) لە ماڵەکەی خۆیدا لە پیرەمەگروون دەستگیرکرا.
لە کاتی پشکنینی ماڵەکەیدا، دەست بەسەر (5) مۆبایل، (1) لاپتۆپ و (7) میمۆریدا گیرا کە سەرجەم وێنە و ڤیدیۆ ساختەکانی تێدا بووە. لە ئێستاشدا تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بەپێی ماددەی 2 لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی، راگیراوە.