گەنج و پیاوانى گوند

دووگردکان؛ بە کەڵەمستان و دامە شەوە درێژەکان کورت دەکەنەوە

964+

عەبدولعەزیز خالند- هەولێر

لە گوندی “دووگردکان”ـى سنوورى هەولێر، کلتووری کۆن و رەسەنی دیوەخان بە شێوازێکی نوێ زیندوو کراوەتەوە، شەوانە پیاوماقوڵان، پیر و گەنجی گوندەکە لە دیوەخانەکەی “هێرش عەزیز” کۆدەبنەوە و شەوە درێژەکانی زستان بە گەرموگوڕی بەڕێ دەکەن.

لەناو دیوەخانەکەدا، سۆپەی دار ژوورەکەی گەرم کردووە و بۆنی چای سۆپە و قاوە هەموو لایەکی گرتووەتەوە، ئامادەبووان دابەش بوون بەسەر چەند گروپێکدا؛ گروپێکیان سەرقاڵی یاری “کەڵەمستان”ن و لە لایەکی ترەوە کێبڕکێیەکی توندی یاری “دامە” لە نێوان گەنج و پیرەکاندا گەرم بووە.

هێرش عەزیز، خاوەنی دیوەخانەکە دەڵێت، ئەم جۆرە کۆبوونەوانە تەنیا بۆ کاتبەسەربردن نییە، بەڵکو ئامانج لێی پاراستنی کلتووری باب و باپیران و بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و خزمایەتییەکانی نێوان گوندنشینانە.

لە سەردەمی تەکنەلۆژیا و سۆشیاڵ میدیادا، زیندووکردنەوەی ئەم دیوەخانانە بووەتە پەناگەیەک بۆ دوورکەوتنەوە لە جەنجاڵی ژیان، تاوەکو گوندنشینان لە دەوری یەک کۆببنەوە و بە گێڕانەوەی چیرۆک و یارییە میللییەکان، شەوە ساردەکانی زستان کورت بکەنەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح