ماوەکەی درێژکراوەتەوە

بەشدارانی یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە کەلار گردبوونەوە

میلاد جەلال – گەرمیان

خاوەن ئەو یەکانەی گردبونەتەوە بەشداربووی پرۆژەی نیشتەجێبوونی “قەڵای شێروانە ستین” و دەڵێن، دەبوو دوو ساڵ پێش ئێستا بچووینایەتە ناو خانووەکانمان، بەڵام تائێستا نازانین کەی تەواو دەبێت.

وەبەرهێنانی گەرمیان دەڵێ، پڕۆژەکە ماوەی دوو ساڵی بۆ تازەکراوەتەوە و رۆژانی پشووش وەک ماوە لەسەری حساب نابێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 21.6.2026، ژمارەیەک لە بەشداربووانی پڕۆژەی قەڵای شێروانە سیتی لە نێوان کەلار بۆ رزگاری گردبوونەوە، ئاسۆ ئەحمەد، یەکێکە لە خاوەن یەکاکانی ئەو پڕۆژەیە بە 964ـی وت،”خانوو و ئۆتۆمبێلم فرۆشتووە لەبەر ئەم پرۆژەیە، کەچی تائێستا دیار نیە کەی خانووەکەم تەواو دەبێت و دوو ساڵە کرێچیم”.

ستار محەمەد یەکێکی دیکەیە لە بەشداربووانی پڕۆژەی قەڵای شێروانە ستی بە 964ى وت، دەبوو لەساڵی 2024 خانووەکەمان تەواو بکرایە، بەڵام ئەوە ساڵی 2026 تائێستا تەواو نەبووە کەسیش نازانێ کەی بۆمان تەواو دەکەن.

پڕۆژەکە سەرەتا چوار ساڵی بۆ دانرابوو، زیاتر لە هەزار خانوو ڤێلای تیایە، چۆمان ئەحمەد وتەبێژی وەبەرهێنانی گەرمیانە ئەو بە 964ی وت، لە سەرووی دەسەڵاتی ئەوان، خاوەن پڕۆژە دوو ساڵ وادەی کارکردنی درێژکردووەتەوە، ئەوەی دەوترێ نایاساییە وانییە، رۆژانە لیژنە سەردانی دەکەن، چاوەڕێی لەو وادەیە ماویەتی کارەکانی تەواو بکات.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا