رێڕەوە ئاوییەکانی بانی مەقان پاکدەکرێنەوە
لە سنووری چەمچەماڵ هێشتا ترس لەلافاو نەڕەویوەتەوە
964+
شۆڕش قادری
لە سنووری چەمچەماڵ هێشتا ترس لەلافاو نەڕەویوەتەوە و تیمەکان سەرقاڵی پاککردنەوە و چاککردنی رێڕەوە ئاوییەکانی بانی مەقانـن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی، ڤیدیۆی کارکردنی تیمەکانی لەو سنوورەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، کارەکانی پاککردنەوە و چاککردنی رێڕەوە ئاوییەکانی بانی مەقان لە دەروازەی زانکۆی چەرموو بە ئاڕاستەی پشتەوەی گەڕەکەکانی ئاسودە و مەشخەڵان و بنار و سەربەرزی بەردەوام بوو.
کارەکان لەسەر ئەرک و سەرپەرشتی گروپی کۆمپانیاکانی گەردین و ئەشکان و بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە ئاوییەکانی کەرکوک و هۆبەی ئامێرەکانی شارەوانی چەمچەماڵ جێبەجێ دەکرێت، لە رۆژانی داهاتوودا کارەکان بەردەوامی دەبێت تا تەواوبوون و پاکردنەوەی سەرجەم رێڕەوە ئاوییەکان.
یەک مانگ لەمەوبەر و لە 9.12.2025 بەهۆی بارانبارین بەخۆڕ لافاو لە چەمچەماڵ و کەرکوک و گەرمیان و چەند ناوچەیەکی دیکەی کوردستان دروستبوو و بەهۆیەوە پێنج هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و بەسەدان ئۆتۆمبێل و خانووی هاوڵاتیانیش زیانیان بەرکەوت.