بزانە چى دەڵێن؟

شەقامی کوردی چاوی لەسەر میونشنە؛ هەمووان ئاگادارن لەوێ چى دەگوزەرێت

964+

ئەحمەد محەمەد- سلێمانى
ئەحمەد شەمزین- هەولێر

لە کاتێکدا سەرکردەکانی جیهان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کۆبوونەتەوە، تیمەکانی 964 لە بازاڕەکانی هەولێر و سلێمانی رای هاوڵاتیانیان وەرگرت. سەرەڕای جیاوازییەکانیان، هاوڵاتیان بە وردی ئاگاداری کۆنفرانسەکەن و دەزانن کێ نوێنەرایەتیی کورد دەکات.

پەیامنێری 964 لە ناو جەرگەی بازاڕەکانی هەولێر و سلێمانی زیاتر لە 10 هاوڵاتی و کاسبکاری دواند، سەرجەمیان ئاگادار بوون کە لە ئەڵمانیا چی دەگوزەرێت و بە دیاریکراوی ناوی سەرکردە بەشداربووەکانیان دەهێنا.

ئەو هاوڵاتیانە باسیان لەوە دەکرد کە ئاگادارن نێچیرڤان بارزانی، مەزڵوم عەبدی، ئیلهام ئەحمەد و د. بەرهەم ساڵح لە میونشنن. ئەوان دڵخۆشیی خۆیان دەربڕی بەوەی لە کۆڕبەندێکی جیهانیی وەهادا، کورد بەشدارە.

خاڵی هاوبەشی قسەی زۆربەی بەشداربووان “یەکڕیزی” بوو، ئەوان پەیامیان بۆ سەرکردەکان ئەوەیە کە تەنیا بە یەکگرتوویی دەتوانن مافەکانی کورد بەدەست بهێنن. هاوڵاتییەک لە هەولێر وتی: “کە دەیانبینین دڵمان خۆشە، بەڵام هیوادارین لەوێش وەک یەک تیم کار بۆ بەرژەوەندیی کورد بکەن”.
لەناو قەرەباڵغی بازاڕدا، هاوڵاتییەک خەونێکی گەورەتری خستەڕوو و بە پەیامنێری 964ـی وت: “ئەگەر من لەوێ لە شوێنی ئەوان بوایەم، ڕاستەوخۆ بە سەرکردەی وڵاتانم دەوت یاسایەک دابڕێژن کە هەر چوار پارچەی کوردستان بکات بە یەک و کۆتایی بەو زوڵمە مێژووییە بێنن کە لەسەر کورد هەیە”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح