هەندێکیان لافاو بردوونی

بچن بەهانای درەختەکانی نێوان تەکیە بۆ چەمچەماڵ

ئەحمەد مستەفا

دوای 15 رۆژ، هێشتا کاریگەری لافاوەکە لەسەر چەمچەماڵ و تەکیە و شۆرش کۆتایی نەهاتووە، ئەوەتا بەهۆی لافاوەکەی رۆژی 9.12.2025ی چەمچەماڵ و دەوروبەری، لە شەقامی سەرەکی نێوان تەکیە بۆ چەمچەماڵ، مەترسی لەسەر درەختەکان و تەنانەت شەقام و شۆفێرانیش دروست بووە.

جگە لەوەی ژمارەیەک دار بەهۆی رێرەوی ئاو بەهۆی لافاوەوە لەناوچوون، ژمارەیەک داری دیکە وەک لە وێنەکان دەیبینن، نزیکن لە لەناوچوون و لێواری شەقامەکان بەشێکی شەقی بردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 24.12.2025، مەعروف مەجید، سەرۆکی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کردووە بە 964ی وت، چەند ساڵێک پێش ئێستا پێشنیارمان کرد کە خەمێک لەو گرفتە بخۆین و چارەسەری بکەین کە رێڕەوی ئاوی تێدا دروست بووە، بەڵام بەداخەوە گوێمان لێنەگیرا، ئێستاش دەڵێین، فریای درەختەکانی نێوان تەکیە و چەمچەماڵ‌ بکەون.

بەهۆی داڕمانی نێوان شەقامەکەوە، چەندین درەخت کە تەمەنیان بۆ 13 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، کە یەکێکە لە پڕۆژەکانی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لەناو چوون و ئاوبردوونی و مەترسی لەسەر بەشێکی تریش درووست بووە، نازانرێ بە دروستی ژمارەی دارەکان چەندە و دەیان دارن.

مەعروف مەجید دەڵێ، چەند ساڵێک پێش ئێستا داوامان لە شارەوانییەکان و کۆمپانیای شکار بۆ خزمەتگوزاری کرد، بەڵام بە بیانووی جیاواز چارەسەریان نەکرد، ئێستاش هێشتا کات ماوە بۆ چارەسەرکردنی، ئەگەرنا درەختەکانی تریش لەناو دەچن.

مەترسییەکی تر، گرفتی بۆ شەقامەکە درووست کردووە، لە هەندێ شوێن مەترێکی ماوە بۆ سەر قیرەکە کە ئۆتۆمبێل ناتوانێ لە تەنیش شەقامەکە لابدات، ئەو داوای لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدان کردنەوە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکان کرد، بە زووترین کات چارەسەری بکەن، ئەگەرنا وەک مەعروف مەجید دەڵێ، کارەساتی مرۆیی تێدا روودەدات.

وێنەکان؛ رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە