دیمەنى بارانبارین
باران و بەفرە
چەترەکانتان ئامادە بکەن؛ شەپۆلەکە لە دهۆکەوە دەستیپێکرد و ئەمشەو هەموو هەرێم دەگرێتەوە
وریا فەتاح
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، لە دواین کاتەکانی ئەمشەودا شەپۆلێکی بارانبارین تەواوی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە و سبەی یەکشەممە “قەمسەڵەکانتان لەبەر بکەن” چونکە هەوا سارد دەبێت.
وردەکاریی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتوو بەم شێوەیەیە:
ئەمڕۆ شەممە (دەستپێکی شەپۆلەکە):
سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری دهۆک نمەباران و بەفر دەبارێت، دوای نیوەڕۆ زۆربەی شاخەکان دەگرێتەوە. لە درەنگانی ئەمشەودا شەپۆلەکە بەهێز دەبێت و بارانبارین سەرتاسەری شارەکانی هەرێم دەگرێتەوە، هاوکات بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەبارێت.
سبەی یەکشەممە (باران و سەرما):
بە درێژایی رۆژ ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت و نمەباران و بارانی مامناوەند لە هەموو ناوچەکان بەردەوام دەبێت. ئەوەی گرنگە بیزانن ئەوەیە پلەکانی گەرما (3 بۆ 5 پلە) دادەبەزن و هەست بە سەرما دەکرێت.
پێشبینی پلەکانی گەرمای سبەی یەکشەممە :
بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرماوە، کەشوهەوای شارەکان بەم شێوەیە دەبێت:
گەرمیان: 15 پلە (گەرمترین ناوچە)
هەولێر، چەمچەماڵ و هەڵەبجە: 14 پلە
سلێمانی: 13 پلە
دهۆک، زاخۆ و سۆران: 12 پلە
پیرمام: 10 پلە
حاجی ئۆمەران: 4 پلە (ساردترین ناوچە)
کەشناسی دەڵێت، درەنگانی شەوی یەکشەممە کاریگەری ئەم شەپۆلە کۆتایی دێت.