تەمەنی 1400 ساڵە

مەدرەسە و مزگەوتی گەورەی خورماڵ نۆژەندەکرێتەوە

964+
محەمەد عومەر – هەڵەبجە

مەدرەسە و مزگەوتی گەورەی خورماڵ کە بۆ یەکەمجار لە سەردەمی فتوحاتی ئیسلامی دروستکراوە، بڕیاری نۆژەنکردنەوەی دراوە نۆژەندەکرێتەوە.

بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، دروستکردنی مەدرەسە و مزگەوتی خورماڵ دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فتوحاتی ئیسلامی و بەدیاریکراوی لە ساڵی 18ـی کۆچی، واتە 1400 ساڵ پێش ئەمڕۆ.

ئێستا کە مزگەوتەکە بەتەواوی داتەپیوە، بڕیارە لەسەر بنەمای بەڵگە دیکۆمێنتییەکان نۆژەن بکرێتەوە.

لە تەمەنی خۆیدا، ئەو مزگەوتە شەش جار نۆژەن کراوەتەوە، دواجاری ساڵی 2013 بوو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان.

رووبەری بینای مزگەوتەکە 400 مەترە، حەوشەکەشی سێ مەتر پانییەتی و هەروەها منارەی مزگەوتە 12 مەتر بەرزە و لەسەر شێوەی ئەندازەی هەشت پاڵووە و لە 54 خشتی سووری کاڵ دروستکراوە و ناوەوەشی لە زەویەوە بۆ لوتکەی منارەکە 30 پلیکانەیە.

موختار ساڵح، بەڕێوەبەری پڕۆەژەکە بە 964 وت، پڕۆژەی دروسکردنەوەی مزگەوت مەدرەسەکە ئیستا لە قۆناغی هەڵگرتنەوە و زانیاری دایە و دەمانەوێت رێک وەک خۆی بونیاد بنرێتەوە، بۆیە بەشوێن زۆرترین بەڵگە و دیکۆمێنت دەگەڕێین.

کاروان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری شوێنەواری هەڵەبجە بە 964 وت، مزگەوتی گەورەی خورماڵ یەکێکە لە شوێنەوارە گرنگەکانی پاریزگای هەڵەبجە لە ئێستادا کار لەسەر نۆژەنکردنەوەی دەکەین بەهەمان دیزانی خۆی.

پیرەمیردی شاعیر، ساڵی 1941ـی زاینی سەردانی مزگەوتەکەی کردووە و لەبارەیەوە وتوویەتی:

دەورەی ئەصحابان سێ مزگەوت کران
یەکەم لە (نگڵ) دووەم لە (کرمان)
سێیەم لە (خورماڵ) سەرچاوەی کوردان
هەرسێکیان ئاساری ئەولای هومەران

پێداچوونەوە: فەرمان سادق