پزیشكەکان لە 12 پسپۆری جیاوازن

نەخۆشخانەی پێشمەرگە خشتەی دەوامی پزیشکانی بۆ چارەسەری پێشمەرگە و کەسوکاریان بڵاوکردەوە

فەرهاد حەسەن

خشتەی دەوامی رۆژانەی پزیشکانی ئامادە لە نەخۆشخانەی پێشمەرگە بۆ مانگی یەك ئاشكرا کرا و پزیشكان لە 12 پسپۆری جیاواز ئامادە دەبن و بێ بەرامبەر خزمەتی چارەخوازان دەكەن.

راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە، دەڵێت ئەمڕۆ یەکشەممە نەخۆشخانەی پێشمەرگە بەپێی ئەو خشتەیەی کە بۆ رۆژانەی راوێژکاری پزیشکانی پسپۆر داندراوە ئامادەن پێشوازی لە نەخۆش و چارەخوازان بکەن.

هەفتانە لە یەكشەممەوە تاوەكو پێنجشەممە نەخۆشخانەكە پێشوازی لە پێشمەرگە و كەسوكاریان دەكات و چارەسەریان پێدەدات.

بەپێی راگەیاندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، پزیشکانی نیشتەجێی خولاو 24 کاتژمێر ئامادەن بۆ هەر رووداوێکی فریاکەوتنی لەناکاو، هەموو رۆژانی دووشەممە و چوارشەممە نەشتەرگەری بۆ نەخۆش ئەنجام دەدرێت.

نەخۆشخانەی پێشمەرگە لەسەر ئەرکی وڵاتی ئەڵمانیا دروستکراوە و ماوەی چەند  ساڵێكە خزمەتگوزاریی تەندرووستی پێشکەش بە پێشمەرگە و کەسوکاریان دەکات لە 30 قەرەوێڵە پێکهاتووە و لەلایەن 170 کارمەندەوە بە بەردەوامی خزمەتگوزاریی تەندروستی خۆڕایی پێشکەش دەکرێت.