پاڵاوتگەیەک نییە خەڵکی کفری لە ئاوی سوێر رزگار بکات

964+

توانا نەقی

لەگەڵ ئەوەی دەبوو چوار ساڵ پێش ئێستا پاڵاوتگەکە دروستبکرایە، بەڵام تاکو ئێستاش شۆفەڵ دەمی لە زەوی نەداوە و پڕۆژەکە هێشتا هەر لەسەر کاغەزە.

سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە و پاکی قەزای کفری ئاوی بیر و ژێر زەوییە، ئەویش زۆر بەکەڵکی خواردنەوە نایەت بەهۆی بوونی رێژەیەکی زۆر کلس و سوێری لە ئاوەکەدا.

بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵی 2019 رەزامەندی لەسەر دروستکردنی پاڵاوتگەیەکدا و دەرخستەیان بە 790 ملیۆن دینار بۆ کرد.

حەمید محەمەد، بەڕێوەبەری ئاوی کفری، هۆکاری دواکەوتنی پڕۆژەکە “بەبیانووی قەیرانی دارایی و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار جێبەجێ نەکراوە”.

بەڕێوەبەری ئاوی کفری قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: ئێستا دەرخستەیەکی نوێ لەبەردەستە بەبڕی ملیارێک و 200 ملیۆن دینار.

زیاتر وتی “هەرچەندە هیوا زۆر کەمە بکرێت، چونکە تائێستا پاڵاوتگەی دەرباندیخانیش دروستنەکراوە”.

پاڵاوتگەکە ئاوی بەنداوی باوەشاسوار پاکدەکاتەوە و هاوڵاتییان سوودی لێدەبینن.