یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری بابل
لە عێراق
شەوی سەری ساڵ نزیكەی 500 كەس بریندار بوون
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاشكرای كرد، شەوی سەری ساڵ نزیكەی 500 كەس بەهۆی یارییە ئاگرینەكان، تەقە و رووداوەكانی هاتوچۆ بریندار بوون
وتەبێژی وەزارەتەكە سەیف بەدر بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، وەزارەتەكەیان تۆماری رووداوەكانی شەوی رابردووی كردووە، كە ژمارەی كۆتاییش نییە و تێیدا نزیكەی 500 كەس بەهۆی رووداوی جۆراوجۆرەوە بریندار بوون.
وتیشی، لە ئامارەكەدا نزیكەی 300 كەس بەهۆی یارییە ئاگرینەكان، بریندار بوون، كە 200 كەسیان لە رەسافە و 67یان لە كەرخ و ئەوانی دیكەش لە شارەكانی دیكە بوون.
هەروەها ئاشكرای كرد، 43 كەس بە فیشەك و 140 كەس بە رووداوی هاتوچۆ و 86ی دیكەش بە رووداوی جۆراوجۆر بریندار بوون.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت، ئەوە ژمارەی كۆتایی نییە و بریندارەكان زیاترن، چونكە بەشێكی بریندارەكان نەچوونەتە نەخۆشخانەكان.
ئاماژەی بەوەش كرد، چارەسەری پێویست بە هەموو بریندارەكان دراوە و هەندێكیان رەوانەی نەخۆشخانەی دیكە كراون بۆ ئەوەی بمێننەوە، بەشێكی زۆری برینەكانیش سووك بوون.