لە کۆیە
مامۆستای مزگەوتێک رای نوێژخوێنەکان لەسەر وتارەکەی وەردەگرێ
964+
دەریا ئەحمەد – کۆیە
لە مزگەوتی “ست نعمة” لە گەڕەکی ئیسکانی شاری کۆیە، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتەکە لەرێگەی پارچە کاغەزێکەوە پرسیاری بۆ ئاست و مامەڵەی خۆی داناوە و لەسەر ڕای نوێژخوێنان کار لەسەر گەشەسەندنی وتارەکانی و پێشنیارەکانیان وەردەگرێ.
مامۆستاکە، رای نوێژخوێنانی مزگەوتەکەی وەردەگرێت کە تاچەند مامۆستاکەیان بەدڵە و پێشنیاریان چیە بۆ ساڵی داهاتوو، مامۆستای مزگەوتەکە دەڵێ ئەگەر نوێژخوێنەکان لێم رازی نەبن، ئەم نوسراوانە دەبەمە ئەوقاف و دەست لەکار دەکێشمەوە.
مامۆستا جەلال سلێمان، بە 964ـی وت، مرۆڤ دەبێت دەورووبەری بڕیار لەسەر باشی و خراپی بدەن، منیش پێم باشبوو رای نوێژخوێنەکانی مزگەوتەکەم وەرگرم لەسەر وتارەکانم و بزانم چ پێشنیارێکیان بۆم هەیە.
مامۆستاکە وتیشی دواتر، دانە بەدانەی وەڵامی نوێژخوێنەکان سەیردەکەمەوە و پێشنیارە شەرعیەکانیان لێ وەردەگرم و جێبەجێیان دەکەم، ئەگەر رای خۆشم لەگەڵیان نەبێ، ئەو دەڵێ، ئەگەر نوێژخوێنەکان زۆرینە منیان بەدڵ نەبێ و گلەییان لێم هەبێ ئەم نوسینانەی ئەوان دەبەمە ئەوقافی کۆیە و پێیان دەڵێم نوێژخوێنەکان منیان بەدڵ نیە و دەست لەکاردەکێشمەوە.
مزگەوتی “ست نعمة” کە لە کۆیە بە مزگەوتی ئیسکان ناسراوە، یەکێکە لە قەرەباڵغترین مزگەوتەکانی شارەکە و بۆ وتاری هەینی لە گەڕەکەکانی ترەوە نوێژخوێنان بۆ گوێگرتن لە وتاری مامۆستاکە دەچنە ئەو مزگەوتە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا