"کەشوهەوا لەبار بێت چاڵەکان پڕدەکەینەوە"
کەمەربەندی خەلیفان کەڵکی نەماوە و شۆفێران گلەییان هەیە
964+
ئاکام غەفور – سۆران
ئەو رێگایەی هەرچی جولەی بازرگانی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانی لەسەرە پڕ بووە لە چاڵوچۆڵ و کەڵکی هاتوچۆی نەماوە.
رێگای کەمەربەندی خەلیفان جگە لە جوڵەی بازرگانی، رۆژانە خەڵکێکی زۆریش هاتوچۆی بەسەردا دەکات، باران بارینی ئەم دوایە رێگاکەی کردووە بە وێرانە، چەندین شۆفێر پەیوەندیان بە پەیامنێری 964ـەوە کردووە و داوا دەکەن رێگاکە چاک بکرێت، قایمقامی خەلیفانیش دەڵێت، “هەر کەشوهەوا لەبار بێت چاڵەکانی پڕ دەکەنەوە”.
بێوار خدر شۆفێرە و بۆ 964 وتی، “گیرمان خواردووە بەدەست چاڵەکانی ئەو رێگایە، دوو جار ئۆتۆمبێلم بینیوە کە لە چاڵەکانی داوە و تایەی تەقیوە، داواکارین بە زوترین کات چاک بکرێت”.
سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندیکرد بە مەغدید عەریف ئەحمەد قایمقامی قەزای خەلیفان، ئەو وتی، “لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی سۆران لەسەر خەتین بۆ ئەوەی هەر کاتێک کەشوهەوا لەبار بێت، بەزوویی چاڵەکانی رێگاکە پڕ بکەینەوە”.
وەک ئەوەی باسی دەکات، کێشەی ئەوان نەبوونی کارگەی قیرە، لەبەرئەوەی وەرزی زستانە و کارگەکان داخراون، بەڵام ئەگەر بۆ چەند رۆژێک باران نەبارێت، کارگەکان ئیش دەکەن و کاری لە پێشینەی ئەوانیش، چاککردنی رێگاکەیە.
رێگای کەمەربەندی خەلیفان، جوتسایدی سپیلک بە رێگای گەلی عەلی بەگ دەبەستێتەوە، هەرچەندە رێگاکە مەودای کەمە و دوو کیلۆمەترە، بەڵام بووە بە کێشەیەکی گەورە بۆ ئەو شۆفێرانەی هاتوچۆی پێدادەکەن، رێگاکە مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دەبەستێتەوە بە هەولێر و دهۆک و سلێمانی.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری