هەولێر
خولی یاریی كەرەمستانێ بە حەیران و لاوكەوە دەستپێدەكات
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
ناوەندی باڵای حەیرانبێژان لە هەولێر بەو زستانە جەوەكەیان خۆشتر دەكەن و خولێكی یاریی كەرەمستانێیان دەستپێكرد، كە 72 تیپ و گرووپ و جەماعەت بەشدار دەبن.
خولەكە ئەمڕۆ سێشەممە 23.12.2025 تیروپشكی بۆ كرا و یارییەكان لە ماڵی ئەمیر حەسەن حەیران، كوڕی حەیرانبێژی ناودار و كۆچكردوو حەسەن حەیران بەڕێوەدەچێت.
ئیتر شەوان بەزم و هەرایە و كڵاو ریز كراوە و بەدوای ئەنگوستیلەیەكی شاراوەدا دەگەڕێن، لەولاشەوە حەیران و لاوك پێشكەش دەكرێت و ئەوجا لەگەڵێدا قەل و قاز و مریشكی كوردییش ئامادە دەكرێت و پێشكەشی ئامادەبووان دەكرێت.
ئەمیر حەسەن حەیران بەرپرسی ناوەندی حەیرانبێژانی هەولێر بە 964ی وت، سبەی یارییەكان دەستپێدەكات و شەوان چوار پێنج یاری دەكرێت، خەڵاتەكەش لە كۆتاییدا دیاریی دەكەن.
وتیشی، “كەرەمستانێ یارییەكی كۆنی فۆلكۆرییە و كولتووری باب و باپیرانمانە و نوێی دەكەینەوە، كۆڵیش نادەین”.
ئەرسەلان محەمەد كە فۆلكلۆریست و ئارەزوومەندی یاریی كەرەمستانێیە، بە 964ی وت، یارییەكە بە نۆ كڵاو و ئەنگونستیلەیەك دەكرێت، پێشان گوللـەی دەمانچە لە ژێر كڵاوەكان دەشادرایەوە، بەڵام ئێستا ئەنگوستیلەی تایبەت دەشاردرێتەوە.
كەرەمستانێ “كڵاوكڵاوێن” یارییەكی كۆن و میللیی كوردەوارییە و زیاتریش لە دەشتی هەولێر بەربڵاوە و لە گوند و لە شاریش دەكرێت، بە تایبەتی لە كەشی زستاندا.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا