سوپای سوریا گەڕەكە كوردییەكانی حەلەب بۆردومان دەكات
كوژراوێک و 17 بریندار هەن
سوپای سوریا گەڕەكە كوردییەكانی حەلەب بۆردومان دەكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سوپای سوریا بۆردومانی گەڕەكە كوردییەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەكات لە حەلەب، لە ئەنجامدا ژنێک كوژراوە و 17 هاوڵاتییش بریندارن.
ئاژانسی هاوار نیوز ئەمشەو بڵاویكردەوە، هێرش و بۆردومانەكانی سوپای سوریا بۆ سەر گەڕەكەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بەردەوامە، تا ئێستاش ژنێكی تەمەن 57 ساڵ گیانی لەدەستداوە و 17 هاوڵاتی دیكەش بریندارن.
سەرچاوەكە دەڵێت، ئەو ژنەی كوژراوە ناوی فەدوە محەمەد كوردییە و تەمەنی 57 ساڵە، هەروەها ناوی هەر 17 برینداریشی بڵاوكردووەتەوە.
باسی ئەوەش دەكات، هێرشەكان و بۆردومانی هەردوو گەڕەك بە قورسی لە لایەن هێزەكانی حكومەتی سوریا بەردەوامن.
هاوكات روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، رەوشی ئەمنی لە باكووری شاری حەلەب بە تەواوی تێكچووە و شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزەكانی حكومەتی ئەحمەد شەرع و هێزەكانی هەسەدە بەردەوامە.