کۆمپانیایەکى سیکیۆرتى
دوێنێ رێگریان لە پەیامنێر 964 کرد؛ ئەمڕۆ داواى لێبوردنیان کرد
ژوورى هەواڵ
ئەو کۆمپانیا سیکوریتییەی دوێنێ رێگرییان لە پەیامنێری 964 کرد، ئەمڕۆ بە نوسراوی فەرمی داوای لێبوردنیان لە 964 و دیلان محەمەدجەزا کرد، داوای لێبوردنەکەیان قبووڵکراو ئیدارەی 964 سوپاسی کۆمپانیاکەی کرد کە هەستیان بە بەرپرسیارێتی کردو هەڵەکەیان راستکردەوە.
چی روویدا؟
– دوێنێ دیلان محەمەدجەزا پەیامنێری 964 لە سلێمانی کاتێک چوو بۆ رووماڵی کێشەیەک لە نزیک یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکان لە سلێمانی، چەند کارمەندێکی کۆمپانیایەکی سکیوریتی رێگریان لێکردو هێرشیان کردە سەر.
– تۆڕی 964 ئەم پێشێلکارییەی بڵاوکردەوەو رێوشوێنی یاسایی خۆی گرتە بەرو لە بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕ داوای یاسایی تۆمارکرد.
– 964 لەسەر ئەو بنەمایە کاری کرد کە نە ناوی کۆمپانیاکەو نە ناوی نەخۆشخانەکەی نەهێناو هیچ کاردانەوەیەکی لابەلای نەبوو.
– هەر ئەو کات ئیدارەی سلێمانی و دەزگا پەیوەندیدارەکان لەم رێگرییە ئاگادارکرانەوەو داوایان لێکرا لە ئاست ئەم پێشێلکارییە بێدەنگ نەبن.
– دۆستانی 964 و دۆستانی میدیای ئازاد هەڵوێستی مەردانەی خۆیان لەسەر ئەم رووداوە دەربڕی.
– بەرپرسانی کۆمپانیا سکیوریتییەکە هەر شەوێ پەیوەندییان کرد بە ئیدارەی 964 و رایانگەیاند ئەوان لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن و کارمەندە کەمتەرخەمەکانیان سزا دەدەن.
– ئەمڕۆ دیسانەوە بەرپرسانی ئەو کۆمپانیایە پەیوەندیانکردەوەو رایانگەیاند دوای لێکۆڵینەوە بۆیان دەرکەوتووە دوو کارمەندی ئەوان کە لە ئەرکدا نەبوون سەربەخۆ ئەو کارەیان کردووەو ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ هەر لێپێچینەوەیەکی یاسایی.
– هەر ئەمڕۆ بەنووسراوی فەرمی داوای لێبوردنیان لە 964 کردو لە نوسراوەکەدا هاتووە: ”بەناوی کۆمپانیاکەمان و سەرجەم کارمەندەکانمانەوە داوای لێبوردن لە بەڕێزتان دەکەین سەبارەت بەو رووداوە، ئاواتەخوازین جارێکی تر کە هیچ جێگەی بینەری رووداوی هاوشێوە نەبینەوە.. سوپاس بۆ پاراستنی ناوی کۆمپانیاکەمان و مامەڵەکردنی بەڕێزتان بەو شێوە جوان و سەنگینە کە نەبوونە هۆی ناوزڕاندنی هیچ کەس و لایەنێک”.
– میوانداری بەڕێز دیلان محەمەدجەزایان کردو کارمەندەکان و کۆمپانیاکە داوای لێبوردنیان لێکردو چەپکە گوڵیان پێشکەش کرد.
سوپاسێک لە 964ەوە
تۆڕی 964 هەموو کات بڕوای بەوە هەبووە لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکی میدیاییدا رێی تێ دەچێت هەڵە لێکتێگەیشتن و ئاستەنگ رووبدات، هیچ کاتێک تیمەکەمان بە دوای خۆ بەپاڵەوان کردندا نەگەڕاوەو پێمان وایە ئەوەی دەیکەین ئەرکی خۆمانەو رایدەپەڕێنین و منەتمان بەسەر کەسدا نییە، بەڵام بێگومان بەو پەڕی مکوڕییەوە بەرگری یاسایی لە تیمە دڵسۆزەکەمان دەکەین.
لەم رووداوەی دوێنێ روویدا زۆرێک لە دۆستان و ئازیزان لوتفیان نواندو بە دەم کێشەکەوە هاتن، بۆیە 964 پێی وایە سوپاسی ئەم بەڕێزانە قەرزدارە:
– رائید ئاری لەتیف، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی
– بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕ
– رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ
– کاروان ئەنوەر، بەرپرسی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان
– رۆژنامەنووسان و هاوکارانمان لە دەزگاکانی دیکەو دۆستانی 964
– ئەو کۆمپانیا سکیوریتییەی بە بەرپرسیارێتی و پڕۆفیشناڵییەوە مامەڵەی لەگەڵ دۆسێکە کردو چاوپۆشی لە کارمەندە کەمتەرخەمەکانی خۆی نەکردو بە بوێرییەوە داوای لێبوردنی کرد.