لە کەرکوک کرێکارێک کارەبا گرتی و گیانی لەدەستدا – وێنە؛ گرافیکی 964
"دوو ئەندازیار و دوو فەرمانبەری کارەبا دەستبەسەرکران"
لە کەرکوک کرێکارێک کارەبا گرتی و گیانی لەدەستدا
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لە گەڕەکی باڕوتخانەی کەرکوک کرێکارێک لەکاتی کارکردن کارەبا گرتی و گیانی لەدەستدا، چوار کەسیش لەسەر رووداوەکە دەستبەسەر کران.
سەرچاوەیەک لە بەشی نەهێشتنی تاوانی بنکەی ئازادی کەرکوک بە 964ـی وت، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 17.12.2025 گەنجێک بەناوی یوسف فەیزوڵا تەمەن 31 ساڵ لە کاتی کارکردن لە گەڕەکی باڕوتخانە بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستداوە.
بەقسەی ئەو سەرچاوەیە، دوو ئەندازیاری بەڕێوەبەرایەتی کارەبای کەرکوک ئەو کرێکارەیان گرتووە بۆ ئەوەی کێبڵی پچڕاوی عەمودێک لە گەڕەکی باڕوتخانە رەبت بکاتەوە، لەکاتی ئیشکردن لەسەر عەمودەکە، کرێکارەکە کارەبا گرتوویەتی و گیانی لەدەستداوە، بۆیە هەر دوو ئەندازیارەکە و دوو فەرمانبەری دیکەی کارەبای کەرکوک لەسەر دۆسیەکە دەستبەسەر کراون.
یوسف فەیزوڵا کوردە و دانیشتووی گەڕەکی دەروازەی شاری کەرکوکە، دوای توێکاری تەرمەکەی رادەستی کەسوکاری کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری