سیمبولی نەتەوەیەک

ئەمڕۆ رۆژی ئاڵای كوردستانە و ئاهەنگ دەگێڕدرێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

ئەمڕۆ 17.12.2025 رۆژی ئاڵای كوردستانە لە هەرێمی كوردستان و بەم بۆنەیەوە ئاهەنگ دەگێڕدرێت.

لە ساڵی 2009 پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری ژمارە 48، بڕیاری دیاریكردنی رۆژی 17.12ی هەموو ساڵێكی بە رۆژی ئاڵای كوردستان دەرکرد، هاوكات لە ساڵی 1999، پەرلەمان بە فەرمی ئەو ئاڵایەی ئێستای بەو شێوەیەی كە هەیەتی، وەك ئاڵای فەرمی هەرێمی كوردستان ناساند، لەم ساتەوە تا ئێستا ساڵانە لە لایەن هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئەم رۆژە و یادەكە پیرۆز كراوە و ئاهەنگ و بۆنەی تایبەتی بۆ سازدەكرێت، هەروەها لە فەرمانگە و ناوەندەكانی خوێندن بۆنەی بۆ سازدەكرێت و ئاڵاكە بەرز دەكرێتەوە.

ھۆکاری دیاریکردنی ئەم رۆژە، بۆ 17.12.1945 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كاتێك ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگاکانی کۆماری كوردستان هێنرایە خوارەوە و پارێزگاری لێکرا.

دواى شه‌كانه‌وه‌ی ئاڵای كوردستانیش له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگریكردن له‌ شەڕی دژی تیرۆر لە 2014 بەدواوە، ئاڵای كوردستان له‌ سه‌رجه‌م سه‌كۆ جیهانییه‌كان بووەتە سیمبولێكی ناسراو و هێمای به‌رخودانی پێشمه‌رگه‌ و خەڵكی كوردستان.
ئاڵای کوردستان به‌ سیمبولی نه‌ته‌وه‌ی كورد داده‌نرێت، ئه‌م ئاڵایه‌ لە تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێم دادەنرێت و لە دامودەزگا حکومییەکان و ئۆرگانە فەرمییەکان شەکاوەیە، وەک ئاڵای تەواوی کوردستان دەبینرێت.

"لە رۆژی ئاڵای کوردستان تاقیکردنەوەکان رامەگرن و ئەنجامیان بدەن"