سەندیکای رۆژنامەنووسان کۆنگرە دەبەستێت
964+
فەرمان سادق
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ کۆنگرە، نەقیبی سەندیکاش دەڵێت: لەم مانگەدا رۆژەکەی دەستنیشان دەکەین.
دوای ئەو 180 رۆژەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستنیشانی کرد کە دەبێت لەم ماوەیەدا سەندیکا و رێکخراوەکان کۆنگرە ببەستن، ژمارەیەکی زۆر لە سەندیکا و رێکخراوەکان لە ئامادەکاریدان بۆ کۆنگرە.
ئەو وادەیەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەستنیشانی کردووە، بە نووسراوی فەرمی لە رێگای وەزارەتی ناوخۆ بۆ هەموو سەندیکا و رێکخراوەکان ناردووە.
لەم مانگەدا ئەنجومەنی سەندیکا کۆدەبێتەوە بۆ دەستنیشانکردنی رۆژی کۆنگرە
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دوا کۆنگری خۆی لە تەمووزی 2011 ئەنجامداوە، کە کۆنگرەی سێیەمی بوو، بەپێی پەیرەوی ناوخۆی سەندیکاکە بێت دەبێت هەموو چوار ساڵ جارێک سەندیکاکان کۆنگرە ببەستن، بەڵام 12 ساڵ بەسەر ئەو وادەیە تێپەڕیوە هێشتا کۆنگرەی نەبەستووە.
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەندیکا بە مەبەستی دەستنیشانکردنی رۆژی کۆنگرە.
ئازاد حەمەدئەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە 964ـی راگەیاند: لەم مانگەدا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەندیکای دەکەین بۆ دەستنیشانکردنی رۆژی کۆنگرە.
زیاتر وتی “ئەمساڵ کۆنگرە دەبەستین”.
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە 21 – 23ـی تەمووزی 2011 بە ئامادەبوونی 396 ئەندامی، کۆنگرەی سێیەمی بەست و تێیدا ئازاد حەمەدئەمین، وەک نەقیبی سەندیکاکە هەڵبژێردرا.