بەم چلەی هاوینە

رنووی بەفر لە پڕژێ داڕماوە و بەشێک لە هاوڵاتیانی چۆمانی بێ ئاو کردووە

شۆڕش قادری

بەم چلەی هاوینە رنووی بەفر لە کوێستانەکانی پڕژێ داڕماوە و زیانی بە سیستمی دابەشکردنی ئاوی چۆمان گەیاندووە، بەوهۆیەشەوە بەشێک لە دانیشتووانی ناوچەکە بێ ئاو بوون.

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی چۆمان چەند وێنەیەکی تیمەکانیانی لەکاتی چارەسەرکردنی کێشەکە داناوە و نووسیویەتی، تیمە مەیدانیەکانمان لە دوای تێکچوونی حەوزەکانی ئاو لە پڕژە بەهۆی دابەزینی دووبارەی رنووی بەفر و زیانگەیشتن بە سیستمی دابەشکردنی ئاو، سەرەڕای ئەوەی تیمەکان لە کاتی پشوودا بوون، دەستبەجێ لە شوێنی رووداوەکە ئامادە بوون.

تیمەکانی ئاوی چۆمان توانیویانە لە ماوەی کەمتر لە 14 کاتژمێردا، رێژەی 60٪ـی دابەشکردنی ئاو بگەڕێننەوە ناوچەکە، هەوڵەکانیشیان بەردەوامە تاوەکو لە زووترین کاتدا تەواوی کێشەکە چارەسەر بکەن و دۆخەکە بە تەواوی ئاسایی ببێتەوە.

پێشتر و هەر لەم هاوینەدا رنووی بەفر لە کوێستانەکانی پڕژێ داڕماوە و زیانی بە حەوزەکانی دابەشکردن ئاو لە چۆمان گەیاندووە.