لۆگۆی هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا
سودانی موچەی سێ سەرۆكایەتییەكە كەمدەكاتەوە
بەغدا چاوخشاندنەوە بە داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان دەكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆک وەزیرانی عێراق، داوا دەكات چاوخشاندنەوە بە حیسابكردنی داهاتی نانەوتیی كوردستان بكرێت، هەروەها پێداچوونەوە بە موچەی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراقدا بكرێت و خەرجییەكان كەمبكرێنەوە، لە هەمان كاتدا هەوڵ بدرێت داهات زیاتر بكرێت
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 15.12.2025 بڵاویكردەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆكایەتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری كرد، كە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر رێگاکانی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت و بەدەستهێنانی زۆرترین داهات، هەروەها پێداچوونەوە بە موچە و دەرماڵەی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە (سەرۆکایەتی کۆمار، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران، و ئەنجومەنی وەزیران) هەروەها داوای نوێكردنەوەی راپۆرتی یەکخستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی کرد.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەیەوێت موچەی فەرمانبەر و ئەندامانی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە كەم بكرێتەوە و لەگەڵ یەكتر یەكسان بكرێت.
هەروەها وەك بڵێی بیانەوێت چاو لە هەرێمی كوردستان بكەن، ئەنجومەنی ئابووری “بڕیاری دا دەرماڵەی گەشتە فەرمییەکان (ئیفاد) بۆ فەرمانبەرانی حکومەت بە رێژەی 90% کەمبکرێتەوە، سنووردارکردنی بۆ گەشتە گرنگەکان تەنیا بە رەزامەندی وەزیر، هاوکات بڕیاردرا چاودێریکردنی پڕۆژە نوێیەکان کەمبکرێتەوە و بەرنامەیەکی هاوردەکردنی نیشتیمانی پەرەپێبدرێت و جێبەجێبکرێت کە تەنها کاڵای سەرەتایی لەخۆبگرێت”.
لە درێژەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەروەها راسپاردەیەک پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران کرا بۆ سەرلەنوێ چاوخشاندنەوە بە پاڵپشتییەكانن بۆ بەرهەمی گەنمی ناوخۆیی، بە جۆرێك پشتیوانی حکومەت بگاتە 170%ی نرخی گەنم لە بازاڕی جیهانی”.
لە راگەیەندراوەکەدا باسی ئەوەش كراوە، “سەبارەت بە رێوشوێنەکانی زیادكردنی داهات، سەرۆکی حکومەت رێنمایی ئەو لیژنە وەزارییەی كرد، كە بە پێی بڕیاری (550)ی ئەنجومەنی وەزیران پێکهێنراوە، بۆ سەرلەنوێ چاوخشاندنەوە بە حیسابکردنی داهاتە غەیرە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، کە لە ئێستادا دەخرێنە سەر حسابی وەزارەتی دارایی بە بڕێكی دیاریکراو، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها پاڵپشتی و بەرزکردنەوەی کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سیستمی داتای پێشوەخت لە دەستەی گومرگەكان، بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق، هەروەها بۆ بەرزکردنەوەی داهاتی کارەبا و سەرلەنوێ رێكخستنەوەی باجی ئێستا، لەگەڵ چەند بڕیارێكی دیكە.
بەپێی بڕیاری 550 حكومەتی هەرێم مانگانە 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی رەوانەی بەغدا دەكات، جگە لە داهاتی نەوت، لە بەرامبەردا حكومەتی عێراق موچەی مانگانەی فەرمانبەران دەنێرێت.