هەڵمەتى کۆکردنەوەى کتێب
بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانەکان: دەستپێشخەرییەکەی 964 جێگەی ستایشە
ئەحمەد محەمەد- چەمچەماڵ
دیاری وەستا عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانەکانی هەرێم، پشتیوانی خۆی بۆ هەڵمەتەکەی 964 بۆ کۆکردنەوەی کتێب بۆ کتێبخانەی چەمچەماڵ دەردەبڕێت و داوا لە نووسەران دەکات بەدەم بانگەوازەکەوە بچن.
964 هەڵمەتى کۆکردنەوەى هەزاران کتێب بۆ کتێبخانەى گشتیى چەمچەماڵى راگەیاند و داوا دەکات هەمووان بەشداربن بۆ کۆکردنەوەى کتێب و بنیادنانەوەى کتێبخانەى گشتیى چەمچەماڵ.
بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانەکان رایگەیاند، ستایشی ئەو دەستپێشخەرییەی 964 دەکات و هیوادارە نووسەران و خوێنەران بەشداری تێدا بکەن، چونکە کتێبخانەکە تووشی “کارەسات” بووە و لافاو وێرانی کردووە.
بەهۆی شەپۆلی بەهێزی بارانبارین و لافاوەکەی ڕۆژی 9/12/2025، کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ زیانێکی گەورەی بەرکەوت، بەجۆرێک هەزاران ناونیشان و کتێبی جیاواز لەناوچوون و بوونە بەشێک لە پاشماوەی لافاوەکە.
دیاری وەستا عەزیز لە پەیامەکەیدا جەختی کردەوە، “ئێمەش وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی کتێبخانەکە بنیات بنێینەوە”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح