پیکابێک بە بارێک تەماتەوە وەرگەڕا
رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر شەقامی 120 مەتریی هەولێر دوو برینداری لێکەوتەوە
964+
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
لەسەر شەقامی 120 مەتریی شاری هەولێر و بە دیاریپێکراوی لە بەرامبەر بازاڕی سپی، رووداوێکی هاتووچۆ لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی تایبەت و پیکابێکدا روویدا و بەهۆیەوە دوو کەس بریندار بوون.
پیکابەکە بارە تەماتەیەکی پێبووە و بەهۆی بەهێزی بەرکەوتنەکەوە وەرگەڕاوە. دوای رووداوەکە، هاووڵاتییانی ئامادەبووی شوێنەکە بە دەم رووداوەکەوە چوون و هاوکارییان کرد لە کۆکردنەوەی بارە تەماتەکە و راستکردنەوەی ئۆتۆمبێلە وەرگەڕاوەکە.
بەپێی وتەی پۆلیسی هاتووچۆ کە لە شوێنی رووداوەکە ئامادە بوون، بەهۆی پێکدادانەکەوە دوو کەس بریندار بوون و بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بەپەلە رەوانەی نەخۆشخانەی رۆژئاوا لە شاری هەولێر کراون.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح