21ـی مانگ یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دەستنیشان دەکرێت

شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە بەراتە

964+

فەرمان سادق

شەوی بەرات کە یەکێکە لە بۆنە ئایینییەکان و دەکەوێتە ناوەڕاستی مانگی شەعبان، لەناو کۆمەڵی کوردەواریدا تایبەتمەندی خۆی وەرگرتووە و جۆرێک لە مۆرکێکی کوردەواری پێیەوە دیارە.

بەرات، نیوەی مانگی شەعبان لە ساڵنامەی كۆچیدا، بۆتە بۆنەیەكی ئایينی و گرنگ تایبەتمەندی خۆی لە ئايینی ئیسلامدا وەرگرتووە، ئەم شەوە دەكەوێتە 15ـەیەمین رۆژی مانگی شەعبان، لە نوێژی شێوان دەستپێدەكات و بە نوێژی بەیانی رۆژی دواتر كۆتایی دێت، لە کوردستانیش ئەم یادە دەکرێتەوە و منداڵان لەم شەوەدا دەگەڕێن بەنێو ماڵەکان بۆ کۆکردنەوەی شیرینی و نوقڵ.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە 964ـی وت، لەدوای شەوی بەراتەوە 14 بۆ 15 رۆژ دەژمێرین بۆ مانگی رەمەزان.

زیاتر وتی “لە 21ـی ئەم مانگە، واتە یەکەم رۆژی نەورۆز، لیژنەی بینینی مانگ دادەنیشێت بۆ چاودێریکردنی بینینی مانگ و رۆژی یەکەمی مانگی رەمەزان دیاری دەکەین”.

ئەگەرچی شەوی بەرات بۆنەیەکی ئایینییە بەڵام بەقسەی نەبەز ئیسماعیل بێت، وەزارەت هیچ چالاکییەکی لەم رۆژەدا نییە، بەڵام هەر کەسێک بیەوێت چالاکی بکات لە مزگەوتەکان ئەوا دەبێت بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقاف بێت لەجێبەجێکردنی مەراسیمە ئایینییەکان.

لەبارەی بەراتەوە، شاعیری کورد حەمە عەلی، ناسراو بە مەدھۆش دەڵێت:-

ئەم شەو شەوی بەراتە

شەوی خۆشی و خەڵاتە

وا مناڵان ئەگەڕێن

دەس بە دەرگاوە ئەنێن

منیش ھاتوومە دەرگات

تا بەرم کەوێ بەرات