زیاتر لە 1000 نەشتەرگەریش کراوە
رۆژانە نزیکەی 900 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی شاریان لە سلێمانی كردووە
964+
فەرهاد حەسەن
بەپێی ئامارێک لە ماوەی مانگی رابردوودا زیاتر لە 26 هەزار نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی شاریان لە سلێمانی کردووە کە رۆژانە دەکاتە نزیکەی 900 نەخۆش و هەر لەو مانگەشدا زیاتر لە هەزار نەشتەرگەری جۆراوجۆر ئەنجامدراون.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئامارەکەی بڵاوکردووەتەوە، کە مانگی ڕابردوو 26 هەزار و 502 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی شاریان كردووە، لەو ژمارەیەش 19 هەزار و727 نەخۆش سەردانی بەشی فریاكەوتن و پێنج هەزار و 843 نەخۆش سەردانی بەشی ئۆپی دی و 880 نەخۆش سەردانی بەشی گورچیلەی دەستكردیان كردوە و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.
هەر بەپێی ئامارەكە، پێنج هەزار و 314 نەخۆش داخڵكراون لەو ژمارەیە هەزار و 552 نەخۆش لە بەشی فریاكەوتن و 855 نەخۆش لە بەشی گورچیلەی دەستكرد و 558 نەخۆش لە بەشی نەشتەرگەری و 595 نەخۆش لە بەشی هەناوی و 510 نەخۆش لە بەشی شكاوی و 339 نەخۆش لە بەشی هەناوی مێشك و دەمار داخڵ بوون.
هەر لەو ماوەی ئەو مانگەدا هەزار و 261 نەشتەرگەری جۆراوجۆر لە نەخۆشخانەی شار ئەنجامدراوە، كە 159 نەشتەرگەری قەستەرە و 106 نەشتەرگەری شەبەكە و باڵۆن و 65 نەشتەگەری بۆ منداڵان بووە.
حەفتا هەزار و 979 شیكاری تاقیگەیی و هەزار و 768 هێڵكاری دڵ كراوە، شەش هەزار و 593 تیشك و 288 ئیكۆ و دوو هەزار و 715 سۆنەر و 660 چارەسەری سروشتی بۆ هاوڵاتیان كراوە.