چەند رۆژێک لەوێ دەبێت
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیماراتە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی ئەم ئێوارەیە گەیشتە ئەبوزەبی و لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری ناوخۆی ئیمارات کۆبووەوە.
ماڵپەڕی حكومەتی هەرێم ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4.12.2025 ڤیدیۆ و وێنە و هەواڵەكەی بڵاوكردەوە، كە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە ئەبوزەبیی پایتەختی ئیمارات.
وەك سەرچاوەكە ئاماژەی پێكردووە، مەسرور بارزانی لەگەڵ شێخ سەیف بن زاید ئالنەهیان جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری ناوخۆی ئیمارات کۆبووەوە .
“لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی برەودانی زیاتر بە پەیوەندیی دۆستانە و هاریکاری و هاوئاهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەو”، وەك لە هەواڵەكەی حكومەتی هەرێمدا واهاتووە.
هەروەها ئاماژە بەوە كراوە، لە بەشێکی دیکە گفتوگۆکاندا، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچە ئاڵوگۆڕ کرا.
هەروەها ئەوەش باس كراوە، سەرۆکی حکومەت لە سەردانەکەیدا کە چەند رۆژێک دەخایەنێت، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیمارات، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ دەکات.
وەك لە وێنەكاندا دەردەكەوێت، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان رێبەر ئەحمەد لە شاندەكەی سەرۆكی حكومەتدا هاوسەفەرە.