لە هەرێمى کوردستان
87 حاڵەتی نوێی توشبوون بە ئایدز لەمساڵدا تۆمار کراوە
وریا فەتاح
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی رۆژی جیهانی ئایدزەوە کە دەکەوێتە 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، رایگەیاند کە لە 11 مانگی رابردووی ئەمساڵدا، 87 حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی HIV (ئایدز) لە هەرێمدا دەستنیشانکراوە.
وەزارەتەکە لە پەیامێکی هۆشیاریدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆی گشتی حاڵەتە نوێیەکان، 64 حاڵەتیان هاوڵاتی بیانی و دەرەوەی هەرێمن، و 23 حاڵەتەکەی دیکەش دانیشتووی هەرێمی کوردستانن.
ئاشکرای کرد کە ژمارەی گشتی هەڵگرانی ڤایرۆسی HIV لە هەرێمدا، بە حاڵەتەکانی ساڵانی رابردووشەوە، گەیشتووەتە 150 کەس، کە هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکی و خۆپارێزیدان و چارەسەر و هۆشیاری تەندروستییان پێدەدرێت.
ئەوەشى خستووەتەڕوو کە لە ماوەی 11 مانگی رابردووی ئەمساڵدا، نزیکەی 609,306 پشکنینی تاقیگەیی خوێن بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئەنجامدراوە.
وەزارەتی تەندروستی جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئەوەی ئایدز هێشتا چارەسەری بنبڕکەری نییە، بەڵام دەرمانی دژەڤایرۆسی زۆر کاریگەر هەن کە دەتوانن نەخۆشییەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و دەرفەت بە توشبوو بدەن ژیانێکی ئاسایی بژیت، بەجۆرێک بەکارهێنانی دەرمان ڕێژەی مردنی بە ڕێژەی 56% کەمکردۆتەوە، و هۆکاری کەمبوونەوەی 40%ی توشبووانی نوێیە.
رۆژی جیهانی ئایدز 2025 لەژێر دروشمی “زاڵبوون بەسەر توشبوون، گۆڕانکارییە لە بەرەنگاربوونەوەی ئایدز” بەڕێوەدەچێت، رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) رایگەیاندووە کە لە ساڵی 2024دا نزیکەی 40.8 ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی ئایدز ببوون و نزیکەی 630,000 کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.