رێککەوتن کراوە

ئەمساڵ 30 سزادراوی چاکسازی گەورانی هەولێر لە زانکۆی نۆڵج وەردەگیرێن

شۆڕش قادری

ئەمساڵ 30 سزادراوی چاکسازی گەورانی هەولێر لە زانکۆی نۆڵج وەردەگیرێن و بۆ ساڵانی داهاتووش ژمارەی وەرگیراوانی چاکسازییەکە کراوە دەبێت.

رێباز زێوەر بەڕێوەبەری چاکسازی گەورانی هەولێر چووەتە زانکۆی نۆڵج و لەگەڵ ئەحمەد دزەیی سەرۆک و بەڕێوەبەرانی زانکۆکە کۆبووەتەوە و لەبارەی هاوکاری و پەیوەندییەکانی نێوانیان گفتوگۆیان کردووە.

بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە دانیشتنەکەدا، رێککەوتننامەیەک واژۆ کراوە لەسەر ئەوەی کە ئەمساڵ، 30 سزادراو وەربگیرێن بۆ خوێندن و ساڵانی داهاتووش ژمارەی وەرگیرانی سزادراوان کراوە بێت.

چەند رۆژ پێش ئێستاش، ئێحسان عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێم بە 964ـی وت، ئاسانکاری تەواو کراوە بۆ ئەوەی سزادراوان خوێندن تەواو بکەن و لە ئێستاشدا 638 خوێندکار لەناو چاکسازییەکانی کوردستاندان.