"پلاندانان و ئامار بۆچی بێدەنگن؟"

له‌ سه‌رژمێرییه‌كه‌ى عێراق دووجۆر ژماره‌ى دانیشتوان بۆ خانه‌قین و شێخان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

پەرلەمانتارێکی هەرێمی کوردستان بە وردی دیقەتی داوەتە ئەنجامی ئەو سەرژمێرییەی کە لە چەند رۆژی رابردوو عێراق بڵاویکردووەتەوە، تێبینی حەوەی کردووە کە دووجۆر ژماره‌ى دانیشتوان بۆ خانه‌قین و شێخان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، بۆیە داوا وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و دەستەی ئاماری ھەرێم دەکات لەبەرامبەر ئەم حاڵەتە بێدەنگ نەبن.

کاوە عەلی کەریم، پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، دوو رۆژە سەرژمێری دانیشتوان لە راگەیاندنەکان بڵاوبووەتەوە، بەبێ ئاگاداری هەرێم و بەبێ ئەوەی لە وەزارەتی پلاندانان بە فەرمی بڵاوبکرێتەوە.

دەڵێت “ئەو سەرژمێرییە هەندێک زانیاری ناڕوونی تێدایە و باشتر بڵێم جێگای گومانە”.

لە پارێزگای سلێمانی خانەقین 18 هەزار 54 کەس نوسراوە، بەڵام لە دیالە بە  260 هەزار  و 907 کەس.

کفری لە سلێمانی بە 50 هازار و 714 کەس نووسراوە، بەڵام لە دیالە بە 66 هازار و 437 کەس.

لە دهۆک، شێخان بە 69 هەزار و 279 کەس نووسراوە، بەڵام لە نەینەوا شێخان بە 117 هەزار و 621 کەس.

ئەم پەرلەمانتارە بە پێویستن دەزانێت روونکردنەوە و هەڵوەستەکردن لەسەر ئەم بابەتە بکرێت و داواش لە وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و دەستەی ئاماری ھەرێم دەکات لەبەرامبەر ئەم حاڵەتە بێدەنگ نەبن چونکە دەڵێت “ئەمە جێگای گومانە!!!”.