سبەینێ

شاندی باڵای دانوستانکاری هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

964+

وریا فەتاح

بۆ ماف و شایستە داراییەکان لە بودجەى عێراق، سبەینێ شاندى دانوستانکارى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغدا دەکات.

شاندەکە پێک هاتووە لە سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجە و ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و نوێنەری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.

وەک ئەوەى حکومەتى هەرێم بڵاوى کردووەتەوە، لە ماوەی سەردانەکەدا، شاندی هەرێم بەهەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرە کوردستانییەکان لە دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان، کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئەنجام دەدات، بەمەبەستی گفتوگۆ و گەیشتن بە تێگەیشتنێکی هاوبەش و دادپەروەرانە لەسەر پابەندییە دارایی و نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێم لە بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027.

شاندی هەرێم لە سەردانەکەیان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییە دارایی و نەوتییەکانی لەبەرامبەر حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردووە و بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەو پابەندییانە بۆ ساڵی 2027یش، بەشێوەیەک کە هیچ بەهانە یان هۆکارێک بۆ دواخستن، راگرتن یان کەمکردنەوەی ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان نەمێنێتەوە.

وەک باسکراوە، شاندى هەرێم لە کۆبوونەوەکانیاندا گفتوگۆ لەسەر کۆی ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، لەوانە مووچە و شایستە دارایییەکانی مووچەخۆران، پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، خانەنشینان و زیندانییانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدان و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، هەروەها شایستەکانی هەرێم لە خشتەکانی میلاک و پلەی وەزیفی و خەرجییەکانی بەکاربردن و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و خەرجییەکانی سەروەری و حاکیمە، هەروەها ئەو شایستە دارایییانەی کە بەپێی دەستوور و یاسا پەیوەندیدارەکان بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کراون.