لە بازاڕدا
هێرشەکەى سەر کۆرمۆر پشکەکانى دانەغازى دابەزاند
وریا فەتاح
کۆمپانیاى دانەغازی ئیماراتی، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی غاز لە هەرێمی کوردستان، تووشی دابەزینێکی بەرچاو بووە لە بەهای پشکەکانیدا و نرخی پشکەکانی لە بازاڕی دارایی ئاڵوگۆڕی دوبەی (ADX) گەیشتە 0.768 درهەم.
لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا، پشکەکانی دانەغاز نزمترین ئاستیان تۆمارکردووە، ئەم دابەزینە بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ هێرشکردنە سەر کێڵگەى غازى کۆرمۆر کە یەکێک لە کێڵگە غازییەکانی کۆمپانیاکەیە لە کوردستان.
هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان، کە پێشتر چەند جارێک روویان داوە، کاریگەری نەرێنی لەسەر متمانەی وەبەرهێنەرانی بیانی داناوە، وەبەرهێنەران ترسی ئەوەیان هەیە کە ناجێگیریی سیاسی و ئەمنی لە ناوچەکەدا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بەرهەمهێنان و قازانجی کۆمپانیاکانی وزە هەبێت، ئەمەش وایکردووە کە بەهای پشکەکانی دانەغاز لە ماوەیەکی کەمدا زیاتر لە 4% دابەزێت.
دابەزینى پشکەکانى دانەغاز دواى ئەوە دێت کە شەوى رابردوو هێرشکرایە سەر کێڵگەى غازى کۆرمۆ کە دانەغاز بەرهەمهێنەرى کێڵگەکەیە و لە ماوەى رابردووشدا چەندین جار رووبەڕووى هێرشى درۆنى بووەتەوە.
دانەغاز کۆمپانیایەکی ئیماڕاتییە و پشکەکانی لە بازاڕی دارایی ئاڵوگۆڕی دوبەی تۆمارکراون و مامەڵەیان پێوەدەکرێت، درهەم (AED) دراوی فەرمیی میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکانە و ئەم بازاڕە پشکانەش مامەڵەکانیان بە درهەم ئەنجام دەدەن.