پۆلیسی گەرمیان بۆ هاوڵاتیان:

“جەوەکە گەرمی کردووە بۆیە ئارامی خۆتان بپارێزن و زوو هەڵمەچن”

شۆڕش قادری

پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، گەرما دەتوانێت ببێتەهۆی زیادبوونی توڕەیی و لە هەندێک حاڵەتدا دەگاتە مشتومڕ و توندوتیژی، بۆیە لەم کاتەی ساڵدا لەسەرخۆ بن و خۆتان کۆنتڕۆڵ بکەن بۆ ئەوەی ئارامی کۆمەڵگا بپارێزن.

پۆلیسی گەرمیان لە بانگەوازێکی هۆشیاریدا بۆ هاوڵاتیانی دەڤەرەکە دەڵێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە وەرزی هاوین، هەندێک دیاردەی کۆمەڵایەتی و کێشەی ئەمنی روولە زیادبوون دەکات، توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گەرمای توند دەتوانێت ببێتەهۆی زیادبوونی تووڕەیی، کەمبوونەوەی ئارامی دەروونی و هەندێک هەڵسوکەوتی خێرا و نەگونجاو، کە لە هەندێک حاڵەتدا دەگاتە مشتومڕ و توندوتیژی.

پۆلیسی گەرمیان داوا لە هاوڵاتیان دەکات، لەم وەرزەی ساڵدا ئارامی خۆیان بپارێزن و لە کاتی تووڕەبووندا بڕیارێکی خێرا نەدەن، لە مشتومڕ و ناکۆکی دوور بکەونەوە و گفتوگۆی ئارام هەڵبژێرن.

دەشڵێت، ئارامی کۆمەڵگا بە هاوکاری هەمووان دەپارێزرێت و پەیڕەوکردنی یاسا باشترین رێگایە بۆ پاراستنی ژیان و سەلامەتی هاوڵاتیان.