بەرگی پاسپۆرتی عێراقی
خەمی پاسەپۆرتت نەبێت بڕۆ بۆ ئێران
964+
فەهمی نەبی
لە دەستپێشخەرییەکدا ئێران ئۆفەرێک دەداتە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، ئەو کەسانەی ماوەی بەسەرچوونی پاسەپۆرتەکانیان سێ مانگی ماوە دەتوانن گەشت بۆ ئێران بکەن.
مەرجی وڵاتان بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت ڤیزا وەربگرن ئەوەیە، نابێت پاسەپۆرتەکەی ماوەی بەسەرچوونی کەمتر بێت لە شەش مانگ، بەڵام ئێران لە رێگەی دەستپێشخەرییەک بۆ هەرێمی کوردستان، ئەو ماوەیەی بۆ سێ مانگ کەمکردووەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی رۆژی هەینی 3.3.2023 بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی نەمانی دەفتەری پاسەپۆرت کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو دەستپێشخەرییەی کردووە.
لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی پاسەپۆرتی سلێمانیدا هاتووە، بە تایبەت ئەو کەسانەی بە هۆکاری نەخۆشی زۆر پێویستیان پێیەتی، دەتوانن سوود لەو دەرفەتە وەربگرن.
لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی نوێکردنەوەی پاسەپۆرت لە عێراق، گرفتی نەمانی دەفتەری پاسەپۆرت دروستبوو.