سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ: حازربن بۆ گەورەترین بوومەلەرزە

964+

دیسکی کوردی

ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ دەڵێت، ناکرێت بەم شێوەیە بەردەوام بن، دەبێت خۆیان ئامادە بکەن “ئەوە یەکلایی بووەتەوە بوومەلەرزەیەکی گەورە ئیستەنبوڵ دەهەژێنێت”.

لە ئیستەنبوڵدا 16 ملیۆن کەس دەژین، بە قسەی سەرۆکی شارەوانی بە حاڵی ئێستایانەوە هەر بوومەلەرزەیەک وێرانکاری گەورە دروست دەکات.

ئەکرەم ئیمام ئۆغڵۆ کە رکابەری رەجەب تەییب ئەردۆغانە، ئەم قسانەی لە کۆڕێکدا کرد لەگەڵ میدیاکاران، ئەو وتی، درەنگ یان زوو بوومەلەرزەیەک لە ئیستەنبوڵ دەدات ”ئەگەر بە گوڕی 7.5 پلە بوومەلەرزەیەک لێمانبدات، لەکۆی 260 هەزار باڵەخانەی نیشتەجێبوون 90 هەزاریان لە ناودەچن و 4.5 ملیۆن کەس بێلانە دەبن”.

بەپێی لێکدانەوەی سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ، 35 هەزار باڵەخانەی کۆن و مێژوویی هەن کە شارەوانی خاوەنیانە، 10%ی ئەو باڵەخانانە مەترسی گەورەن بۆ ئەوانەی لە دەوریان نیشتەجێن.

ئەوەشی راگەیاند کە لیژنەیەکیان پێکهێناوە لە وەزارەتەکانی ئاوەدانکردنەوە و پلاندانان و زانکۆکان و لایەنە شارەزاکانی تر، وتی ”ئەوەی ئامادە نییە بۆ ئەم ئەرکە با شوێنەکەی جێبهێڵێت، بوومەلەرزە مەسەلەی ژیان و مردنە”.