"باوکم وتی ئیش مەکە"
نەخۆشێکی تالاسیمیا بەهێزەوە بەرامبەر نەخۆشییەکەی وەستاوە
964+
دەریا ئەحمەد – کۆیە
ڕاسپێر هەندرێن گەنجێکی تەمەن 27ساڵانی قەزایی کۆیەیە، تەمەنی تەنیا سێ مانگ بووە کاتێک بەهۆی نەخۆشی زەردوویی توشی تالاسیمیا دەبێت، ڕاسپێر کاتێک گەورە دەبێت بڕیار دەدات کەسێکی بەهێزبێ بەرامبەر نەخۆشیەکەی و چۆکی بۆ دانەدات و سەرەنجام هەر بەمشێوەیەش دەبێت.
ڕاسپێر هەندرێن بۆ 964 قسەی کرد و وتی، نامەوێت نەخۆشییەکەم وام لێبکات لە کۆمەڵگا داببڕێم و دەمەوێ وەک هەر کەسێکی ئاسایی ژیان بکەم، لەگەڵ ئەوەی باوکم پێی وتم کە نایەوێ ماندووبیت و کاربکەیت و خۆم خەرجیت دابین دەکەم بەڵام من نەمویستووە کەسێکی تەمەڵ بم و ئێستا کاردەکەم و تەنانەت هاوکاری باوکیشم دەکەم.
ڕاسپێر وتی، لەگەڵ ئەوەی نەخۆشیەکەم پێویستی بەوەیە ماندوو نەبیت و زۆر پشوو بدەیت بەڵام بەیانیان کاتژمێر هەشت دەچمە شوێنی کارەکەم کە شوشتنگەی ئۆتۆمبێلە و تا کاتژمێر 12 کاردەکەم پاشان کاتژمێر یەک دەگەڕێمەوە سەر کارەکەم تا خۆرئاوابوون.
ڕاسپێر مانگی جارێک پێویستی بەوەیە خوێن وەرگرێت و هەمووجارێکیش بە هەماهەنگی و پشتیوانی هاوسەرەکەی، بەیانیەک کاتژمێر هەشت تا نزیک کاتژمێر 12ـەی نیوەڕۆ لەسەر تەختی قەرەوێڵەیەکی نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید پاڵدەداتەوە و خوێنی بتڵێک خوێن وەردەگرێت و تەنیا ئەوەندەش پشو دەدات و لەکارەکەی دادبڕێت و دوای نیوەڕۆ دەچێتەوە سەر کار، ئامۆژگاری هەموو کەسێکیش دەکات کە هیچ بەربەستێک لەبەردەمیان نەیان وەستێنێت و هەمیشە بەهێزبن، بە تایبەت ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان لەگەڵە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا