رێگاکە زیاتر لە پێنج کیلۆمەترە

رێگای چەند گوندێک لە ناحیەی بنگرد قیرتاو دەکرێت

شۆڕش قادری

رێگای گوندەکانی هەڵۆنە، نۆڵچکە و لۆتەر لە ناحیەی بنگرد قیرتاو دەکرێت کە زیاتر لە پێنج کیلۆمەتر دەبێت.

بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕگەی قیرتاوکردن لە پڕۆژەی رێگای گوندەکانی هەڵۆنە، نۆڵچکە و لۆتەر لەبەری مەرگە لە ناحیەی بنگرد دەستیپێکردووە.

پڕۆژەکە بەشێکە لە کارەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە، دانیشتووان و ژمارەیەک لە گوندەکانی سنوورەکە سودمەند دەبن، جگە لە ئاسانکاری بۆ هاتوچۆ، هاوکات لەڕووی کشتوکاڵییەوە بایەخی گرنگی دەبێت بۆ گواستنەوەی بەرهەمی جوتیارانی ناوچەکە.

پڕۆژەکە پێکهاتووە لە قیرتاوکردنی رێگاکە بەدرێژی (5.25) کم و گوژمەی زیاتر لە 550 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو لەلایەن دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەردی بناغەی دانرابوو.