لە وڵاتی روسیا
قوتابیەکی کورد وەکو تاکە نوێنەری عێراق بەشدار دەبێت لە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتی زانستی
964+
رێباز خدر – هەولێر
قوتابیەکی شاری هەولێر بە ناوی مستەفا زەردەشت، وەکو نوێنەری وڵاتی عێڕاق هەڵبژێردراوە بۆ تاقیکردنەوەی IJSO، کە تاقیکردنەوەیەکی نێودەوڵەتیە بۆ بابەتە زانستیەکان.
مستەفا زەردەشت، ئەو قوتابیە تەمەن 15 ساڵەیە کە قوتابی پۆلی نۆی بنەڕەتیە لە قوتابخانەی ئیشقی بنەڕەتی شاری هەولێر بە 964ـی وت، سەرەتا بەشداری تاقیکردنەوەیەکم کرد کە بە شێوازی ئۆنڵاین دەکرا لەسەر ئاستی هەموو عێراق، دوای تەواو بوونی تاقیکردنەوەکە هەڵسەنگاندنی لەلایەن پسپۆڕانی بابەتە زانستیەکان من یەکێک بووم لە دەرچوان و هەڵبژێردرام وەکو نوێنەری وڵاتی عێڕاق بۆ ئۆڵمپیادەکە.
وتیشی، دەمەوێت پلەی یەکەم بەدەست بهێنم و زۆر بەباشی ئامادەکاریم کردووە بۆ تاقیکردنەوەکە، ئامانجم ئەوەیە لە داهاتوودا ببم بە زانایەکی لێهاتوو لە بواری فیزیا دا.
لەلایەکی ترەوە کارزان بەکر، مامۆستا و یاریدەدەری قوتابخانەی ئیشقی بنەڕەتی بە 964ـی وت، ئەم تاقیکردنەوەیە لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان ئەنجام دەدرێت کە بە تاقیکردنەوەی IJSO ناسراوە، کە لە بابەتە زانستیەکانی وەکو فیزیا، کیمیا، زیندەوەرزانی پێکهاتووە، هەر ساڵێک لە وڵاتێک بەڕێوەدەچێت، بڕیارە رۆژی یەکشەممە 23ـی تشرینی دووەم لە وڵاتی روسیا دەست پێ بکات.
وتیشی، زیاتر لە 50 وڵات کە 300 قوتابی لە سەرانسەری جیهان نوێنەرایەتی وڵاتەکانیان دەکەن بەشدار دەبن لەم ئۆڵمپیادە، مستەفا زەردەشت یەکێک دەبێت لەو قوتابیانە کە نوێنەرایەتی کوردستان و عێڕاق دەکات.
پێداچوونەوە: توانا نەقی