ژمارەیەک گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان دەردەکەون
"مەترسی شەڕیان لەسەر بووە"
پەکەکە دەڵێ هێزی لە ناوچەی “زاپ” کشاندووەتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادی رایگەیاند، لە 16.11.2025، ئەو هێزانەیان کە لە زاپ بوون و مەترسیی شەڕیان لەسەر بوو، کشاندوویانەتەوە بۆ ناوچە جیاوازە گونجاوەکان.
وەک ئەوەی باسی دەکەن، لەو باوەڕەدان ئەم هەنگاوە هاوکاریی چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی لە تورکیا دەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەری ئازادی، دەڵێ، لە چوارچێوەی بانگەوازی ئاشتی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی “رێبەر ئاپۆ” و بۆ چارەسەری پرسی کورد و پەرەپێدانی پرۆسەکە هەنگاوێکی دیکەی ناوە.
پێشتر و لە 11ـی تەمووز، گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە لە 30 گەریلای ژن و پیاو پێکهاتبوون و لەلایەن بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی گشتیی کەجەکەوە سەرپەرشتی دەکرا، لە ئەشكەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانی، لەبەردەم رای گشتییدا چەکەکانیان سووتاند.
هەر لە چوارچێوەی بانگەوازییەکەدا، لە 26ـی تشرینی یەکەم، گرووپێکی 25گەریلایی، بۆ ئەوەی شەڕ و پێکدادانیان دروست نەبێت لەو ناوچانەی کە مەترسییان لەسەر هەیە، لە سنووری تورکیاوە کشانەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستنی “مەدیا”.
ناوی “زاپ” ناوێکی لێنراوی پەکەکەیە، بە دیاریکراوی ئەو ناوچەیە لە باشووری کوردستان بە “نێروا رێکان” ناسراوە، دەکەوێتە پشت چیای مەتینا و کوڕەژارۆ
لە رووباری “ئاوی باسیا” دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە تا بەرواری باڵا.
ناوچەکە فراوان و ستراتیژییە و لە ماوەی شەڕی بەردەوامی نێوان پەکەکە و تورکیادا، بەردەوام شەڕ و ئۆپەراسیۆنی زۆر سەختی تێدا روویداوە.
دەقی راگەیاندراوەکەی تەڤگەری ئازادیی کوردستان بەم شێوەیەیە:
“لە بەیاننامەکەی ٢٦ـی تشرینی یەکەمماندا کە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕاگەیاندرا و بە ئامادەبوونی ٢٥ گەریلامان کە لە سنوورەکانی تورکیاوە کشاونەتەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ڕامانگەیاندووە، کە لەو شوێنانەی مەترسی شەڕیان لەسەرە لەسەر سنوور، ڕێوشوێنی دژە شەڕ دەگرینەبەر. لەو کاتەوە بە پشتبەستن بەو کارانەی ئۆرگانەکانی پەیوەندیدار ئەنجامیانداوە، لە هەرێمی زاپ گەیشتووینەتە ئەنجامێکی گرنگ. لە ئێوارەی ١٦ـی تشرینی دووەم، هێزەکانمان لە هەرێمی زاپ کە مەترسی شەڕی تێدابوو کشانەوە بۆ ناوچە جیاوازە گونجاوەکان. لە دۆخی ئێستادا مەترسی شەڕ لە ناوچەی ئاماژەپێکراودا بە تەواوی نەماوە.
دوای کشانەوەی هێزەکانی گەریلامان بەهۆی مەترسی شەڕ لەناو سنوورەکانی تورکیاوە، ئەم خۆگونجاندن و کشانەوەیە لە هەرێمی زاپ بووەتە بەشدارییەکی پراکتیکی گرنگ لە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و ئیرادەی ئێمە بۆ پرۆسەکە نیشان دەدات. لەو باوەڕەداین کە ئەم هەنگاوە نوێیەمان خزمەت بە چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی و دیموکراتیزەکردنی تورکیا دەکات.
بە ڕێزەوە ئەم زانیارییانە بۆ ڕاگەیاندنەکان و ڕای گشتی بڵاودەکەینەوە، سڵاوی خۆمان ئاراستەی هەموو لایەنە پەیوەندییدارەکان دەکەین.”