بە پرۆژە دەکرێت و بایی زیاتر لە ملیارێک دینارە
قایمقامی دەربەندیخان لەسەر دروستکردنی ئاوەڕۆ لەلایەن دانیشتوانی گەڕەکێکەوە هاتە دەنگ
964+
توانا نەقی
دوێنێ گوایە دواى بێهیوابونیان لەو بەڵێنانەى ئیدارەى قەزاکە و حکومەت پێیانداون، دانیشتوانی گەڕەکی دەرسیم لە قەزای دەربەندیخان، لەسەر گیرفانی خۆیان دەستیانکرد بە راکێشانی ئاوەڕۆى گەڕەکەکەیان، قایمقامیش دەڵێت وانىێت و ئەوە پرۆژەیەکی گەورەیە و چاوەرێن بەزووی جێبەجێ بکرێت.
قایمقام دەلێت، ئەو گەرەکە بە گشطی ئاوەڕۆی نییە ناکرێت ئاوەڕۆی چەند مالێک بکەن و ئەوانی تر نەکەن بۆیە دەبێت بە پرۆژەیەکی گەورە هەمووی بەجارێک بکرێت.
سامان عومەر، دانیشتویەکی گەڕەکی دەرسیم بە 964ـى وت،”لەساڵی 2014 ئەم گەڕەکەی ئێمە دروستبووە و ئاوەدانکراوەتەوە نزیکەی ھەزار ماڵی تێدایە، ئاوەڕۆیەکی سندوقی بەھەردوو دیوی گەڕەکەکەمان تێدەپەڕێت، بەڵام ئێمە ئاوەڕۆمان بۆنەکراوە”.
سلێمان محەمەد قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە 964ـی وت، ئەو هاوڵاتییە لە خۆیەوە ئەو کارەی کردووە، ئەوان چوونەتە پارێزگای سلێمانی و دەرخستەی پرۆژەکە ئامادەیە تەنیا تەندەرینی ماوە و دەست پێدەکات.
وتیشی دەبێت هەموو گەڕەکەکە بە جارێک ئاوەڕۆی بۆ دروست بکرێت و تێچووی پرۆژەکەش ملیارێک و 300 ملیۆن دینارە.
قایمقام ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان دەتوانن بەش بەش خۆیان بۆ ماڵەکانی گەڕەکەکە ئاوەڕۆ بکەن بەڵام ئەوە ناکرێت و مادام پرۆژەکە گەورەیە و پارەیەکی زۆری بۆ تەرخانکراوە دەبێت بە جارێک لەلایەن پارێزگای سلێمانییەوە بکرێت.
دوێنێ دانیشتوانى ئەو کۆڵانەی گەڕەکی دەرسیم کە نزیکەى 50 ماڵە و هەر ماڵێکیش بڕى 120 هەزار دینارى لێوەرگیراوە دەستیان کرد بە دروستکردنی ئاوەڕۆ.