"سوریا دەبێتە هاوپەیمانی دژی داعش"
ترەمپ بەبێ رێوڕەسم پێشوازی لە ئەحمەد ئەلشەرع كرد
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز و فۆکس نیوز، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی کاتیی سوریا، ئەمڕۆ دووشەممە لە سەردانێکدا کە بە “هەنگاوێکی مێژوویی” وەسفکراوە، لە کۆشکی سپی کۆبوونەوەیەکی داخراویان ئەنجامدا، کە رەنگە ئەگەری هێنانەوەی دیمەشق بۆ ناو رێچكە دیپلۆماسییەکان تاقیبکاتەوە، دوای زیاتر لە دە ساڵ لە شەڕ و گۆشەگیری.
راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە ئەلشەرع بەبێ رێوڕەسمی فەرمی ئاسایی گەیشتووەتە کۆشکی سپی، لە رێگەی دەروازەیەکی لاوەکی دوور لە کامێراکان چووەتە ژوورەوە، ئەمەش نیشانەی سروشتی هەستیاری کۆبوونەوەکە بوو، کە کاتژمێر 11ی بەیانی بە کاتی واشنتۆن (کاتژمێر 7:00ی ئێوارە بە کاتی دیمەشق) ئەنجامدرا.
فۆکس نیوز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، سەردانەکە تیشکی خستووەتە سەر هاوکاری لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گەشەپێدانی ئابووری و بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، سوریا لە سەردانەکەدا بە فەرمی پەیوەستبوونی خۆی بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رادەگەیەنێت و دەبێتە 90مین ئەندامی هاوپەیمانییەکە، هەنگاوێک کە واشنتۆن بە “کاریگەری سەرەکی بۆ داخستنی بابەتی تیرۆر لە ناوچەکە و رێگریکردن لە رەوتی چەکدارانی بیانی” وەسفی کردووە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە، واشنتۆن بەیاننامەیەکی هاوبەشی وەزارەتەکانی گەنجینە، دەرەوە و بازرگانیی ئەمریکا بڵاودەکاتەوە سەبارەت بە هەڵگرتنی هەندێک سنووردارکردنی ئابووری و روونکردنەوەی میکانیزمەکانی پابەندبوون بۆ وەبەرهێنەران.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا رێگە بە کردنەوەی باڵیۆزخانەی سوریا لە واشنتۆن دەدات بۆ بەرزکردنەوەی هەماهەنگی لە بارەی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئابووری.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئیدارەی ئەمریکا بڕیاریدا جێبەجێکردنی یاسای قەیسەر بۆ ماوەی 180 رۆژ رابگرێت، هاوکات داوای لە کۆنگرێس کردووە بۆ هەمیشەیی هەڵیبوەشێنێتەوە، “بۆ ئەوەی رێگە خۆش بکات بۆ گەشەی ئابووری”.
روونیشی کردەوە کە ترەمپ “پشتیوانی لە هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی یاساکە دەکات وەک بەشێک لە سیاسەتەکەی کە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە سزاکان و دروستکردنی کەشێکی نوێی وەبەرهێنانە لە سوریا”.
ئەمە سێیەمین دیداری ترەمپ و ئەلشەرعە، دوای دوو دیداری پێشووی ئەمساڵ لە ریاز و نیویۆرک.