لە باوکییەوە بۆی ماوەتەوە

وا 10 ساڵە سەوزە بەرهەم دێنێ و هەر خۆشی دەیفرۆشێ

+964
میلاد جەلال – گەرمیان

گەنجێکی دانیشتووی شارەدێی گردەگۆزینە لە قەزای کەلار، پیشەکەی باوکی بەردەوامی پێداوە و ماوەی 10 ساڵە لە زەوییەکانیان سەوزە دەچێنێت و کاتێک دێتە بەرھەم، بە ئۆتۆمبێلەکەی دەیباتە کۆڵانەکان و دەیفرۆشێت.
لە سەر زەوییەکانیان، کەرەوز، توور، جەرجیر و تەڕەپیاز و زۆر جۆری دیکەی سەوزە بەرهەم دەهێنن، ئەوەی ئەم سەوزەیە جیادەکاتەوە، ئاودانێتی بە ئاوێکی پاک و سازگار و تەواو خۆماڵییە.
ئەیوب رەمەزان، گەنجێکی 26 ساڵانە بە 964ى وت، باوکی ھەر لە منداڵییەوە خەریکی چاندنی سەوزە بووە، دوای ساڵانێکی زۆر وازی لێھێناوە، ئێستا جێگاکەی باوکی گرتووەتەوە و سەوزە دەچێنێت، درێژەی بە کارەکەی باوکی داوە.
زۆرم حەز لە ئیشەکەی خۆمە و 10 ساڵە سەوزە دەچێنین و کاتێک پێدەگات بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆم دەیبەمە کۆڵانەکانی کەلار و دەیفرۆشم، ئەیوب رەمەزان وای وت.
هەر دەسكێک لە سەوزەکان، چ کەرەوز بێت یان تەڕەتیزە و جەرجیر، بە 250 دینارە، تورەکەش گەر دەسک نەبێ، بە کیلۆ دەیفرۆشن و هەر کە ناوی گردەگۆزینەت لەگەڵی هێنا، لە گەرمیان ناودارە و دەیکڕن.
ئەیوب پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی باشی دروستکردووە لەگەڵ ھاوڵاتییان و ماڵەکان، ئەگەر رۆژێک سەوزە نەبات تەلەفۆنی بۆدەکەن و پێی دەڵێن، ئەمڕۆ بۆ نەھاتووی خۆ نەخۆش نەبووی و هەواڵی دەپرسن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

سەوزە و تووری ناسک بە ئاوی پاک؛ هەر بە سەیرکردنی دەمت پ...

سەوزە و تووری ناسک بە ئاوی پاک؛ هەر بە سەیرکردنی دەمت پڕ دەبێ لە ئاو