کەشەکە تەواو پاییزییە و بارانبارینیش دەستپێدەکات
پلەکانى گەرما دادەبەزن
هەقە پەڵەیە و ئەم دوو رۆژەش بەتەماى باران نەبن
وریا فەتاح
هەرچەندە دوو رۆژە هەقە پەڵەیە و دەبوو تائێستا بەشى ئەوە باران بباریبا کە زەوى پەڵەى دابا، بەڵام بەپێى پێشبینییەکانى کەشناسى ئەمڕۆ و سبەینێش نابارێت.
کەشناسى هەرێم بڵاوى کردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و پلەکانى گەرماش هاوشێوەى دوێنێ دەبن.
وەک ئەوەى کەشناسى پێشبینى کردووە، سبەینێ هەینیش وەک ئەمڕۆ دەبێت و باران نابارێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەینێ:
هەولێر : 29 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 27 پلەی سیلیزی
دهۆک : 28 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 29 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 31 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 30 پلەی سیلیزی
سۆران : 28 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 18 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 33 پلەی سیلیزی
هەقە پەڵە چییە؟
5ـى 11ـى هەموو ساڵێک و چەند رۆژێک دواتر بە هەقە پەڵە ناسراوە، واتا کاتى ئەوەیە ئەوەندە باران باریبێت کە جوتیاران زەویى بکێڵن و دەستبکەن بە وەشاندنى دەغڵ و دان.
هەر لەگەڵ مانگى 11 هات، جوتیاران روولە ئاسمانن و چاوەڕێن دڵۆپى باران زەوییە وشکەکانیان تەڕ بکات، رۆژانى 5 و 6ـى مانگى 11ـى هەموو ساڵێکیش کە دەکاتە ناوەڕاستى وەرزى پایز، لاى جوتیاران بە هەقە پەڵە ناسراوە.
هەرچەندە ساڵانە روودەدات، هەندێ جار پێش هەقە پەڵە ئەوەندە باران ببارێت کە پەڵە پێش بکەوێت، بەڵام زۆر جاریش پەڵەدان دەکەوێتە دواى هەقە پەڵە.
پەڵەدان واتاى ئەوەیە ئەوەندە باران ببارێت کە گاسنى مەکینە تا قوڵایى دەمەکەى نەگات وشکانى، یان بەشێوەیەکى بیرکارى 20 بۆ 30 سانتیمەتر زەوى تەڕ بووبێت.