سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ _ وێنە: 964
تا قەرەباڵەغی نەمێنێ
زاخۆ چوونە لای پزیشک دەکات بە بلیتی ئەلیکترۆنی
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
بۆ ئەوەی لەیەک نەخوش زیاتر لە ژووری پزیشک نەبێت، وە لە بەردەم دەرگای پزیشکیش نۆرەگرتن نەمێنێت، تەندروستی زاخۆ سەرقاڵی بەدیجیتاڵکردنی بلیتی پزیشکەکانن.
بۆ ئەم پرۆژەیە بەرێوەبەرایەتی تەندرۆستی زاخۆ ئێستا کار لەسەر دیجیتاڵکردنی بلیتەکان دەکات، هەر نەخوشێک کۆدێکی تایبەت پێ دەدرێت و نەخوشەکان لەهۆڵێکی گەورە پشوو دەدەن، کۆدەکانیشیان لەسەر شاشەیەکی گەورە پیشان دەدرێن و دواتر ئەوان بەپێی کۆدەکانیان سەردانی پزیشک دەکەن، بەبێ ئەوەی نەخوشێکی تریش لەتەنیشتیان بێت لای پزیشک.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5.11.2025، سیروان ئەحمەد، بەرێوەبەری تەندروستی زاخۆ بە 964 وت، بابەتەکە هەر خزمەتگوزاری نییە بەتەنیا، واستەکاریش نامێنێت و رێکخستنێکی تەواو لە کلینیکە راوێژکارییەکانی پزیشکان دروست دەبێت، لەسەرەتاشدا چەند کارمەندێک رادەسپێرن تا خەڵک لەگەڵ سیستمەکە بگونجێن.
دوو هۆڵی گەورە دروست دەکەین، یەکێکیان بۆ چاوەڕوانی پزیشک و ئەوەی تر بۆ وەرگرتنی پشکنینەکانی خوێن، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەی قەرەباڵغی و چۆنیەتی باشتر خزمەتکردنی نەخوشەکان، وە لەداهاتوویەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێت، دکتۆر سیروان وای وت.
لەگەڵ بەئیدارەبوونی زاخۆ، کەرتی تەندروستی بەرەو پێشچوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، پێشتر زۆر جار نەخۆش ناچاردەبوون روو لەدهۆک یان شارێکی تری هەرێمی کوردستان بکەن، ئێستا حاڵەتێکی دەگمەن نەبێت ئەوانی دیکە هەمووی لەزاخۆ چارەسەری وەردەگرن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا