لە نێو دڵى هەولێردا
60 ساڵە حەمامى ئیسکان بەگەرمى ماوەتەوە
964+
وریا فەتاح
سەرەڕاى پێشکەوتنەکان و بوونى کارەباى 24 کاتژمێرى، بەڵام تائێستاش حەمامى ئیسکان پڕە لە سەردانیکار و رۆژانە خەڵکێکى زۆر لە هاوشاریان و میوانان خۆیانى لێ دەشۆن.
چیرۆکى حەمامەکە بۆ ساڵى 1965 دەگەڕێتەوە و لەو کاتەوە تائێستا هەر بەگەرمى ماوەتەوە، بۆ ئەو کەسانەشى لە رابردوودا سەردانى شوێنەکەیان کردووە، بۆنى رابردووى لێدێت.
سامان مامە رەمەزان، خاوەنی ئێستای حەمامەکە، بۆ 964 باس لەوە دەکات کە لە تەواوی شاری هەولێردا تەنها سێ حەمامی کۆن ماونەتەوە و حەمامی ئیسکان یەکێکە لەوان.
ئەو دەڵێت، “دیزاینی حەمامەکە هەر وەک شێوازە دێرینەکەی ماوەتەوە، ئەو شێوازەی کە تایبەت بوو بە پاشا و میرەکان، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی کەمی لەگەڵ ستایلی حەمامی تورکیدا تێکەڵ کراوە.” ئەمەش وایکردووە کە حەمامەکە سیمایەکی تایبەت و سەرنجڕاکێشی هەبێت.
حەمامی ئیسکان تەنها بۆ پاکوخاوێنی نییە، بەڵکو وەک ناوەندێکی چارەسەری سروشتیش خزمەت دەکات، سامان مامە رەمەزان ئاماژە بەوە دەکات کە گەرماوکردن سوودێکی تەندروستی زۆری هەیە، “بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە تووشی هەڵامەت بوون یان ئازاری پشت و قوڕگیان هەیە، هەڵمی گەرماوەکە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانیان و هەستکردن بە باشتربوون.”
دەرگاکانی حەمامەکە لە کاتژمێر 4ـی بەرەبەیانەوە تاوەکو 12ـی شەو بە رووی میواناندا کراوەن، خەڵکی هەولێر زیاتر لە کاتەکانی بەیانیدا سەردانی دەکەن، لە کاتێکدا گەشتیاران و بیانییەکان زیاتر حەز بە کەشی ئێواران و شەوانی حەمامەکە دەکەن بۆ ئەوەی لە ژاوەژاوی شار دووربکەونەوە و ساتێک ئارامی بە جەستە و دەروونیان ببەخشن.
فەرهاد بورهان، یەکێک لە سەردانیکەرانى حەمامەکەیە و وەک خۆی دەڵێت خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام زیاتر لە 10 ساڵە رۆژ نا رۆژێک سەردانى حەمامەکە دەکات و سودێکى زۆرى تەندروستى لێ بینیووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح