ناوەڕاستى پایز

ئەمڕۆ هەقە پەڵەیە؛ بەڵام هێشتا باران نەباریوە

964+

وریا فەتاح

5ـى 11ـى هەموو ساڵێک و چەند رۆژێک دواتر بە هەقە پەڵە ناسراوە، واتا کاتى ئەوەیە ئەوەندە باران باریبێت کە جوتیاران زەویى بکێڵن و دەستبکەن بە وەشاندنى دەغڵ و دان.

هەر لەگەڵ مانگى 11 هات، جوتیاران روولە ئاسمانن و چاوەڕێن دڵۆپى باران زەوییە وشکەکانیان تەڕ بکات، رۆژانى 5 و 6ـى مانگى 11ـى هەموو ساڵێکیش کە دەکاتە ناوەڕاستى وەرزى پایز، لاى جوتیاران بە هەقە پەڵە ناسراوە.

هەرچەندە ساڵانە روودەدات، هەندێ جار پێش هەقە پەڵە ئەوەندە باران ببارێت کە پەڵە پێش بکەوێت، بەڵام زۆر جاریش پەڵەدان دەکەوێتە دواى هەقە پەڵە.

پەڵەدان واتاى ئەوەیە ئەوەندە باران ببارێت کە گاسنى مەکینە تا قوڵایى دەمەکەى نەگات وشکانى، یان بەشێوەیەکى بیرکارى 20 بۆ 30 سانتیمەتر زەوى تەڕ بووبێت.

ترسى جوتیاران ئەوەیە، ئەزموونى وشکەساڵى ساڵى پار دووبارە ببێتەوە و پەڵەدان دوابکەوێت، کە ئەمەش کاریگەرى لەسەر دەغڵ و دانەکانیان دروست دەکات و چاند دەکەوێتە کاتى سەرما و ئەوەش دەبێتە هۆى لاوازبوونى دەغڵەکانیان.

ساڵى پار ئەوکاتانە لە زۆربەى ناوچەکانى کوردستان و بەتایبەت لە سنوورى گەرمیان، پەڵەى دابوو و لە هەندێ شوێن زیاتر لە 100 ملیمەتر زیاتر باران باریبوو.

لەگەرمیان پەڵەى دا

لەگەرمیان پەڵەى دا