نەخۆشخانە ٢٩١ قەرەوێڵەییەکەی رانیە بووەتە هێلانەی باڵندەکان

میدیازان – مەجید بتوێنی – راپەڕین

+ڤیدیۆ

نزیکەی ١٠ ساڵە بڕیار لە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی ٢٩١ قەرەوێڵەیی دراوە لە رانیە، بە شێوەی سەرەتایی باڵەخانەکەی تەواو بووە، بەڵام هێشتا تەواوکاریی و ستاف و کەلوپەلی بۆ دابین نەکراوە، ئێستا بووەتە هێلانەی باڵندەکان.

بەردی بناغەکەی لە ٢٠١٢ دانرا، بڕیاربوو بە گوژمەی ١١٥ ملیۆن دۆلار و لە ماوەی ٧٣٠ رۆژدا رادەستبکرێت، بەڵام ئێستا زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ رۆژ تێپەڕیوە و هێشتا ئاسۆی ناڕوونە.

 پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی تورکی بەناوی “کورئاتش” جێبەجێکراوە، لەسەر ئەرکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان.

 ئەوەی دەست میدیازان کەوتووە، هۆکاری وەستانی پڕۆژەکە قەیرانی دارایی نەبووە، چونکە ساڵی ٢٠١٢ بڕی پارەی تەواوی بۆ تەرخان کراوە، بەڵکو دەستکاریکردنی نەخشەی پرۆژەکە بووە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە.

تەندروستی راپەڕین ئامادە نەبووە بەو شێوازە پرۆژەکە وەربگرێت

 ساڵی ٢٠١٢ هەریەک لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و تەندروستی لەگەڵ یەکتری رێککەوتوون دەستکاری نەخشەی نەخۆشخانەکە بکرێت، گۆڕانکاری لە بەشێکی زۆری ئامێرەکانی بکرێت، بەو هۆیەوە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی راپەڕین ئامادەنەبووە بەو شێوەیە پرۆژەکە وەربگرێت، ئەمە بە قسەی سەرچاوەیەکی تایبەت لە تەندروستی راپەڕین کە ناوەکەی لای میدیازان پارێزراوە.

 میدیازان بۆ ئەو مەبەستە وتەی لە دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە وەرگرت، ئەو وتی، کێشەکە لای ئەوان نەماوە و چووەتە ئەنجومەنی وەزیران.

 دانا عەبدولکەریم بە دیاریکراوی باسی لەوەکرد، “پڕۆژەکە هی ساڵی ٢٠١٢یە، لە سەردەمی مندا نەبووە، ئەوکاتە لەنێوان دوو وەزارەتدا لەسەر چۆنیەتی سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکە کێشەیەک دروستبووە و بەردەوام بووە، ئێستا ئەو کێشەیە لای ئێمە نەماوە و چووەتە ئەنجومەنی وەزیران”.

 میدیازان هەوڵیدا لێدوان لە بەڕێوەبەری کۆمپانیای جێبەجێکار وەربگرێت بەڵام ئامادەنەبوو لە ئێستادا قسە لەوبارەیەوە بکات.

 ئارام قادر، مامۆستای زانکۆی راپەڕین لەگەڵ کۆمەڵێک لە کەسایەتییەکانی رانیە دەستەیەکیان پێکهێنابوو بۆ بەدواداچوون لەسەر نەخۆشخانەکە، بە میدیازانی وت، “بێ هیوا بوین و دەستەکەمان هەڵوەشاندەوە”.

 بە قسەی ئارام قادر، نەخۆشخانەکە لەنێوان دوو وەزارەتدا گیری خواردووە، “ئێستا ئاوەدانکردنەوە لای گۆڕانە، تەندروستی لای پارتییە و کەیسەکەش لە ئەنجومەنی وەزیران پشتگوێ خراوە”.