بە چەقۆ هێرش دەکرێتەسەر خوێندکارێکی دهۆک لە ئێران

میدیازان – زەید کۆچەر – بەردەڕەش

 خوێندکارێکی کوردی زانکۆی زانستە پزیشکیەکانی ئەهواز، لەلایەن چەند کەسێکەوە بە چەقۆ هێرشی دەکرێتەسەر، دۆخی تەندروستی ناجێگیرەو لە چاودێری چڕی نەخۆشخانەیەکی گشتی شارەکە دایە.

بەشار فاروق بەرگەرایی، ئەو گەنجە کوردەی خوێنداکاری قۆناغی دووی زانستە پزیشکیەکانە لە زانکۆی ئەهواز، کاتژمێر ٩ی شەوی شەممەی رابردوو، ٥ی تشرینی دووەم، لەکاتی گەڕانەوەی لە کۆڕسی خوێندنی زمانی ئینگلیزی بۆ بەشە ناوخۆییەکەی، لەلایەن پێنج کەس بە چەقۆ هێرشی دەکرێتەسەر.

 فاروق بەرگەرایی، باوکی بەشار لە نەخۆشخانەیەکی ئەهواز بە رێگەی واتس ئاپ قسەی بۆ میدیازان کردووە، دەڵێ دۆخی تەندروستی کوڕەکەم زۆر خراپە، یەکێک لەو پێنج چەقۆیەی بەر دڵی کەوتووە.

“دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆی، ئێستا لە چاودێری چڕ دایە”. فاروقی باوکی وای وت.

“باوکی بەشار؛ دۆخی تەندروستی کوڕەکەم زۆر خراپە، یەکێک لەو پێنج چەقۆیەی بەر دڵی کەوتووە”

 میدیازان دەزانێت، بەشار لەکام نەخۆشخانەی ئەهواز خەوێندراوەو قوتابی کام زانکۆییە لە ئەهواز، بەڵام لەسەر داوای بنەماڵەکەی ناوەکانی پاراست و بڵاوی ناکاتەوە.

بەشار فاروق لەو کاتەی هێرشی کراوەتەسەر بە قسەی پزیشکەکانی نەخۆشخاناکە بێت، بەرگری باشی کردووەو بەرپەرچیشی داونەتەوە، بەڵام ژمارەی زۆری ئەوان و بەکارهێنانی چەقۆ، دۆخەکەی بەلای ئەواندا شکاندووەتەوە.

باوکی بەشار دەڵێ، ئەوانەی هێرشیان کردووەتە سەر کوڕەکەی، مۆبایل و پارەو هەموو شتێکی کوڕەکەیان بردووە، هێشتا ئەوان دەستگیر نەکراون، وتی “خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکەی خۆیان لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکان، ئێمەیان لە رووداوەکە ئاگادار کردەوە”.