دووسایدی دەروازەی حاجی ئۆمەران دەکرێتەوە - وێنە: KRG
35 ملیار دیناری تێچووە
دوو سایدەکەی حاجی ئۆمەران دەکرێتەوە کە هەزار داری لێ چێندراوە
ئەحمەد مستەفا
درێژیەکەی دوو کیلۆمەترە، بەڵام هەزار داری لێ چێندراوە، ئەمە پڕۆژە نوێیەکەی دووسایدی حاجی ئۆمەران و ئەمڕۆ دووشەممە 3.11.2025 بە فەڕمی دەکرێتەوە.
پڕۆژەکە بە گوژمەی 35 ملیار و 150 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار، لەلایەن کۆمپانیای نۆرسلایت لیڤینگ جێبەجێ کراوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پڕۆژەکە لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، درێژی ئەم رێگایە دوو کیلۆمەتر و نیوە و پانییەکەی 25 مەترە.
لە کاتێکدا کە رێگای کۆنی حاجی ئۆمەران پانیەکەی تەنیا 8 مەتر بوو و ئاستەنگێکی زۆری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و چالاکی بازرگانی دروست کردبوو.
پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمەران بە ستانداردێکی جیهانی دروستکراوە کە پێکدێت لە ئاوەڕۆ و دانانی تۆڕی ئاوی خواردنەوە و دانانی تۆڕی رووناکی و هێڵی خزمەتگوزاری و پارکینگ و قیڕتاوکردن و نیشانەکانی هاتوچۆ.
هەروەها گرنگی دراوە بە چاندنی نەمام کە زیاتر لە 1000 دار لەسەر شۆستەکان چێندراوە و 170 کورسی دوو نەفەری و 170 تەنەکەی خۆڵ داندراون.
لەلای ڕاستی شەقامەکە 200 دیواری ڕاگر دروستکراوە بۆ نەهێشتنی مەترسی داڕووخان، لەلای چەپی شەقامەکەش 190 دیواری راگر دروستکراوە بۆ راگرتن و پتەوکردنی رێگاکە.