"لەوەتەی ئیش دەکەم زیانی وا گەورەم پێنەگەیشتووە"
ئاو چووەناو دوکانەکەی و زیاتر لە دەفتەرێک دۆلار زیانی بەرکەوت
964+
سیداد حەبیب – دهۆک
بەهۆی بارانە بەخوڕەکەی شەوی ڕابردوو لە دهۆک، ئاو چووەتە ناو دوکانێکی فرۆشتنی کەلوپەلی کارەبایی و وەک خاوەنەکەی دەڵێت، زیاتر لە یەک دەفتەر دۆلار زیانی پێگەیاندووە.
ئازاد عومەر، خاوەنی دوکانەکە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “دوکانەکەم بایی 800 هەزار دۆلار کەلوپەلی تێدایە، بەهۆی بارانە بەخوڕەکە و گیرانی بۆرییەکی ئاوەڕۆ، ئاو چووەتە ناو دوکانەکەم و زیاتر لە 10 هەزار دۆلار زیانم پێگەیشتووە”.
“زیاتر لە 25 ساڵە دوکاندارم و ئەمە بۆ یەکەمجارە لە تەمەنی کارکردنمدا زیانی وا گەورەم پێ بگات”، ئازاد عومەر وای وت.
شەوی رابردوو لە دهۆک بارانێکی خۆش باری و بەهۆی لافاو و کۆبوونەوەی ئاو، لە چەند شوێنێک ئاستەنگی هاتوچۆ دروستبوو و زیانی ماددی بەر ئۆتۆمبێل، رێگاوبان و ماڵوحاڵی هاوڵاتیان کەوت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری